لە مانگی ئەیلوولدا، عێراق زیاتر لە سێهەزار قوربانی داوە.. ئامارەکە ناوچەکانی بن دەستی داعش ناگرێتەوە

بەغدا-KDP.info- نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، جیا لەو ناوچانەی کە لە چنگی داعشدان، بە هۆی توندوتیژییەکانەوە، لە مانگی ئەئلوولی ڕابردوودا، لانی کەم هەزار و 119عێراقی کوژراون، هەزار و 946کەسیش بریندار بوون.
لە بەیاننامەیەکدا کە دانەیەکی دەست KDP.info کەوتووە، یوئێن جەخت دەکاتەوە کە، "ژمارەی ڕاستینە
ڕەنگە زۆر لەوە زیاتر بێ، چونکە ئەو ژمارەی قوربانیانە ئەو ناوچانە ناگرێتەوە کە لە بن دەستی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیدایە."
بەیاننامەکە زیاتر دەڵێ، "ئەوە کەمترین ژمارەی قوربانیانە، چونکە کوژراوانی ئەنبار و ناوچەکانی دیکەی باکووری عێراق ناگرێتەوە، کە لە بن دەستی داعشدان"، ئاماژەیسشی داوە، "ژمارەی قوربانیان لە مانگی ئەیلوولدا، 854 هاووڵاتی سڤیل و 265 سەربازی هێزە چەکدارەکان کوژراون، هاوکات هەزار و 946 هاووڵاتی سڤیلیش بریندار بوون."
بەپێی بەیاننامەکەی یونامی، بەغدا زۆرترین ژمارەی قوربانی لێ تۆمار کراوە کە 352 کەسن.
لە یەکی ئەیلوولی ئەمساڵیش، یوئێن، 3854قوربانی لە مانگی ئابدا راگەیاند، کە کوژراو و برینداریان تێدا بوو، ئەمانە هەمووی بە هۆی کردە توندوتیژییەکانەوە هەیە کە لە ناوچە جیاکانی عێراقدا ئەنجام دەدرێن.
زریان زیاد




