دەستگای خێرخوازیی بارزانی پێداویستیی خوێندنی بۆ 9000 قوتابیی كەمپەكانی رۆژئاوای كوردستان دابین كرد

كەڵەك-kdp.info- بە مەبەستی دانەبڕانیان لە پرۆسەی پەروەردەو خوێندنی قوتابیان و ئاسانكاریی لە دابینكردنی بەشێك لە پێداویستییەكانیان، دەستگای خێرخوازیی بارزانی لە چەندین هەڵمەتی جیاجیادا لە كەمپی پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان، جانتا و پێداویستییەكانی خوێندنی بەسەر 9000 قوتابیدا دابەش كرد.
رۆژی 1/10/2014 لە درێژەی كار و چالاكییەكانی دەستگای خێرخوازیی بارزانی، لەپێناو خزمەتكردنی قوتابیان بۆ ئەوەی لە پرۆسەی خوێندن بەردەوام بن، بە ئامادەبوونی سەرۆكی دەستگای خێرخوازیی بارزانی (عەزیز شێخ رەزا)، جانتا و پێداویستیی دیكەی خوێندنیان بەسەر 1000 قوتابی لە ناحیەی كەڵەكدا دابەش كرد.
سەبارەت بە چۆنیەتیی دابەشكردنی جانتاو پێداویستیەكانی خوێندن، سەرۆكی دەستگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند، "بەپێی ئەو بەرنامەیەی دامانڕشتووە، هەڵدەستین بە دابەشكردنی جانتا و پێداویستیی خوێندن، لە رۆژانی پێشوودا لە چەندین شوێنی دیكە دەستمان بە دابەشكردن كردووە و ئەمڕۆیش لە ناحیەی كەڵەك هەستاوین بە دابەشكردنی 1000 جانتا و پێداویستی بەسەر قوتابیانی ناحیەكەدا".
لەلایەكی دیكەوە، تیمەكانی دەستگای خێرخوازیی بارزانی لە كەمپی باسرمە دەستیان كرد بە دابەشكردنی جانتا و پێداویستی بەسەر قوتابیانی كەمپەكەدا، هەروەها لە كەمپی بەحركە و دارەشەكران و گەویلانیش 3650 قوتابی لە هەڵمەتەكەی دەستگای خێرخوازیی بارزانی سوودمەند بوون. هاوكات لە كەمپی ئاكرێ و دۆمێزیش بە هەمان شێوە تیمەكانی دەستگای خێرخوازیی بارزانی هەستان بە دابەشكردنی 5350 جانتا و پێداویستیی خوێندن بەسەر قوتابیاندا. لەلایەكی دیكەوە و لە شاری رانیە، لە هەڵمەتێكی تردا تیمەكانی دەستگای خێرخوازیی بارزانی جانتا و پێداویستیی خوێندنیان بەسەر 1000 قوتابیی قوتابخانەیەكی شارەكەدا دابەش كرد.

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
