ئەمیرە هەڵەبجەییەکە کوژرا.. داعش لە تەقاندنەوەی پردە سەرەکییەکانی مووسڵ شکستی برد

مووسڵ-KDP.info- بە هۆی هەوڵی تەقاندنەوەی پردە سەرەکییەکانی مووسڵەوە، هۆزی حەدیدی چەکدارانی داعش بەگژ یەکدا چوون و لە ئاکامدا دوو تیرۆریست بریندار بوون.. لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی مۆڵگەکانی داعشیش لە باشووری مووسڵ لەلایەن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمەریکاوە، ئەمیرێکی داعش بە ناوی (ئەبوئەنس کوردی) کوژرا.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ(سەعید مەموزینی) بە Kdp.infoی راگەیاند: "لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی مۆڵگەکانی داعش لە باشوری مووسڵ، لەلایەن شەڕکەرەکانەوە، 50چەکدار کوژراون کە یەکێکیان ئەمیرە بە ناوی (ئەبوئەنەس کوردی) کە خەڵکی ھەڵەبجەی شەھیدە."
(سەعید مەموزینی)گوتیشی: "ھەر ئەمڕۆ لە ناوچەی حەمام عەلیل، کۆمەڵە چەکدارێک ھێرشیان کردە سەر چەکدارانی داعش و چوارچەکداری داعشیان کوشتن."
زیاتر گوتی، داعش بە نیاز بوون پردە سەرەکییەکانی مووسڵ بتەقێننەوە، بەڵام لەلایەن عەشیرەتی حەدیدییەوە رێگرییان لێ کراوە و تەقەیان لە چەکدارانی داعش کرد و دوو چەکدار، لەو بەگژیەکداچوونەوەیە بریندار بوون."
(مەموزینی)روونیشی کردەوە، خەڵک بە بەردەوامی دەگەڕێنەوە بۆ بەنداوی مووسڵ و تاوەکو ئێستایش نزیکەی450خێزان گەڕاونەتەوە بۆ سەرماڵ وحاڵی خۆیان.
بڵند ئیبراھیم




