٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەردۆغان: ناچارین رووبەڕووی داعش ببینەوە.. با کەس دڵی خۆش نەبێت، کە بتوانن زیان بە قۆناخی چارەسەری بگەیەنن

سەرچاوە: KDP.info

ئیستانبووڵ-KDP.info-  سەرۆککۆماری تورکیا(رەجەب تەییب ئەردۆغان) لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی داعشەوە دەڵێ، "دەبێت هاوشێوەی ئەو تێگەییشتنەی سووریا و عێراقی کردووەتە ئامانج، رووبەڕووی تەواوی گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە ببینەوە."

سەرۆکكۆماری توركیا(رەجەب تەییب ئەردۆغان) لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ناساندنی (ماركەی توركیایی) ئەنجوومەنی هەناردنكارانی توركیا، باسی لە هەڵوێستی توركیا كرد لە بەرامبەر پشتگیری و هاوكاریكردنی لێقەوماوان لە هەموو سەردەمەكاندا.
هەروەها (ئەردۆغان) گوتی: "تیرۆر تەنیا لە وڵاتانی دراوسێماندا نییە، بەڵكو لەناو خۆشماندا هەیە، تیرۆر ماوەیەكی زۆر بووە كۆتێك بوو و لە قاچی ئابووریی توركیا گیر ببوو، بەڵام  ئێمە قۆناخی چارەسەریمان دەست پێ كرد و بە ئارامییەوە پارێزگاریمان لە قۆناخەكە كرد تا وردە وردە ئێستا بە ڕادەیەكی باش رزگارمان بووە لە دەستی. دیسان ئێمە ئارامین سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ تێكدانی دۆخەكە دەدران، ئێمە بە هەستیارییەوە سوورین لەسەر بەئەنجامگەیاندنی قۆناخەكە، ئینشاڵڵا بە تەواوی لەو كۆت و بەندە رزگارمان دەبێت و هەموو لایەك دەگەیەنین بە خۆشگوزەرانیی كۆمەڵایەتی و ئابووری."

(ئەردۆغان) زیاتر گوتی: "سەیركەن ئێمە ئێستا رووبەڕووی شەپۆڵێكی كۆچ بووینەتەوە، لە ماوەی هەفتەیەكدا 150 هەزار برای كوردمان هاتوونەتە سنوورەكان، خۆ دەبێت وەریان بگرین، ئەو لێقەوماوانەمان وەرگرت و ئێستا میوانن لامان، تا بارودۆخی ئەمنیی ناوچەكە جێگیر دەبێت ئەوانە میوانی ئێمەن، هەمان شتمان لە ساڵی 1991-دا ئەنجام دا لەبەرامبەر كۆچی كوردان، ئەوكات  خوالێی خۆش بێ (تورگوت ئۆزال) میوانداریی یەك ملیۆن لە برا كوردەكانمانی كرد، لەبری ئەوەی رێز لەم هەڵوێستە بگیرێت، لەبری ئەوەی بكرێتە بابەتی ئاخاوتنی نێوان براكان، بە سیاسیكردنی ئەم پرسە و بەكارهێنانی جۆرێكە لە خۆهەڵخەڵەتاندن و نەناسینی خودی خۆت. لەكاتێكدا سەربازی تورك هەوڵی زۆر دەدات بۆ پاراستنی گیانی ئەو لێقەوماوانەی هاتوونەتە سەر سنوور، كەچی كەسانێك دەچن بەرد دەگرنە سەربازانمان، كە بە ڕاستی ئەمە جۆرێكە لە بێشەرمی."
لەبەشێكی تری گوتەكانیدا (ئەردۆغان) ئاماژەی دا، كە كردنەوەی سنووری توركیا بە ڕووی كوردە لێقەوماوەكانی سووریادا هەنگاوێكی گرینگی قۆناخی چارەسەرییە هەروەك ئاشكرایشی كرد كە هەندێك لایەن هەن لەوە نیگەرانن و رایگەیاند: "كەسانێك هەن بە دوای ئاژاوە و لەخشتەبردنەوەن، بەڵام با كەس دڵی خۆش نەبێت، ناتوانن زیان بەقۆناخی چارەسەری بگەیەنن، براكوردەكانی ناوەوە و دەرەوەی توركیایش دەتوانن ئەو دەستانە لە یەك جیا بكەنەوە، كە بەرد دەهاوێژن، لەگەڵ ئەوانەی كە ئاو و خۆراك دەدەن."
ئانادۆڵ
 

هەواڵی پەیوەندیدار