پاش گەییشتنی بە هەولێر، ئۆلاند لەگەڵ بارزانیدا کۆ بوونەوە.. نوێ کراوەتەوە

هەولێر –KDP.INFO- سەرۆکی فەڕەنسا(فڕاسوا ئۆلاند)، بە یاوەریی شاندێکی وڵاتەکەی کە وەزیری دەرەوە یەکێکیانە، گەییشتە هەولێر و لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)-یەوە لە فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر، پێشوازی کرا.
ئەمڕۆ هەینی 12ـی 9ـی 2014 سەرۆكی كۆماری فەڕەنسا(فرانسوا ئۆڵاند) بە یاوەریی شاندێكی حكوومەتی فەڕەنسا سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە لایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا پێشوازی لێ كرا.
لەدوای بەخێرهێنانی لە لایەن (سەرۆك بارزانی) و پشوودانێكی كورت لە فڕگەی نێودەوڵەتیی هەرێم، (سەرۆك بارزانی) و سەرۆككۆماری فەڕەنسا و شاندە یاوەرەكەی سەردانی كەمپی ئاوارەكانیان لە شارۆچكەی عەنكاوەی هەولێر كرد و لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخ و گوزەرانی ئاوارەكان بوون كە لە پاش پەلاماردانی تیرۆریستان بۆ سەر هەرێمی كوردستان و دەشتی نەینەوا پەنایان بۆ كوردستان هێناوە و لەم كەمپەدا نیشتەجێن.
دوای ئەم سەردانە لە شاری هەولێر (سەرۆك بارزانی) و سەرۆككۆماری فەڕەنسا و شاندە یاوەرەكەی كە پێك هاتبوون لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا(لۆران فابیوس) و وەزیری بەرگریی فەڕەنسا(جێن یوڤیس لێدریان) و باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق(مارك بارێتی) و ژمارەیەك ڕاوێژكار و بەرپرسی حكوومەتی فەڕەنسا كۆ بوونەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی) و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی كوردستان(مەسرور بارزانی) و وەزیری پێشمەرگە(مستەفا سەیدقادر) و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم(فواد حوسێن) و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە(فەلاح مستەفا) و گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان(سەفین دزەیی) ئامادەی بوون، (سەرۆك بارزانی) زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆكی فەرەنسا و شاندە یاوەرەكەی كرد و ئەم سەردانەی بە مێژوویی و كاریگەر وەسف كرد. (سەرۆك بارزانی) سوپاسی سەرۆك و گەلی فەڕەنسای كرد بۆ بەدەنگەوەهاتن و یارمەتیدان و هاوكاریكردنی گەلی كوردستان و ڕایگەیاند كە جێگەی شانازییە كوردستان دۆستێكی مەزنی وەك گەلی فەڕەنسای هەیە.
(سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بۆ سەرۆكی فەڕەنسا خستەڕوو كە فەڕەنسا لە ڕۆژە سەختەكاندا هەردەم لە تەك گەلی كوردستان وەستاوە و یارمەتی و هاوسۆزیی ئەمجارەی فەڕەنسا كاریگەریی زۆری لە بەهێزتربوونی ورەی گەلی كورد و هێزەكانی پێشمەرگە هەبووە و هاوكێشەی شەڕەكانی لە قازانجی گەلی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە گۆڕیوە.
(سەرۆك بارزانی) هەوڵەكانی فەڕەنسای بۆ كۆكردنەوەی پاڵپشتیی نێودەولەتی و دروستكردنی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی تیرۆردا بەرز نرخاند و لەبارەی شەڕی دژی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، (سەرۆك بارزانی) جەختی كردەوە كە كوردستان لە شەڕی ئەم ڕێكخراوە هەتا ڕیشەكێشكردن و لەناوبردنی بەردەوام دەبێت.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی كۆماری فەڕەنسا سوپاسی (سەرۆك بارزانی)-ی كرد بۆ ئەو پێشوازییەی لێی كراوە و دووپاتی ئەوەی كردەوە كە وڵاتەكەی لە پاڵپشتیكردن و پاراستنی گەلی كوردستان بەردەوام دەبێت و لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا یارمەتییە سەربازیی و مرۆڤییەكانی فەڕەنسا بۆ هەرێمی كوردستان فراوانتر دەبێت و دەچێتە قۆناخێكی تازەتر و هاوپەیمانییەكی بەهێزی دەولییش بۆ ئەم مەبەستە پێك دێت.
سەرۆكی فەڕەنسا باسی لە بەستنی كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتیی كرد كە بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیك لە شاری پاریس بۆ چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش دەبەسترێت و ڕایشیگەیاند شاندی هەرێمی كوردستانیش لەم كۆنگرەیەدا بەشدار دەبێت چونكە لە ئەرزی واقیعدا كوردستان هیڵی ڕووبەڕووبوونەوەیە و لەگەڵ ئەم ڕێكخراوە لە جەنگدایە.
سەرۆكی فەڕەنسا ستاییشی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگەی كرد بۆ پاراستن و حەواندنەوەی ژمارەیەكی زۆری پەنابەر و ئاوارە و كوردستانیشی بە نموونەیەك زۆر باش وەسف كرد لە پێكەوەژیانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییە جۆراوجۆرەكان و ڕایگەیاند فەڕەنسا ستایشی ئەم پێكەوەژیانەی كوردستان دەكات و پارێزگاری لەم فرەیی و پێكەوەژیانە دەكات.
لەدوای كۆبوونەوەكە (سەرۆك بارزانی) و سەرۆكی كۆماری فەڕەنسا بەشداری پڕێسكۆنفڕانسێك بوون و ناوەڕۆكی كۆبوونەوە و ئامانجی سەردانەكەیان بۆ ڕاگەیاندنەكان باس كرد.
هەر ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 12ـی 9ـی 2014 سەرۆكی كۆماری فەڕەنسا(فرانسوا ئۆڵاند) كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و لە فڕگەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن (سەرۆك بارزانی) و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومیی هەرێمی كوردستان بەڕێ كرا. شایانی باسە بەر لە كۆتاییهێنان بە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان سەرۆككۆماری فەڕەنسا بە مەبەستی گوێگرتن و زیاتر ئاگاداربوونی لە داواكاری و كێشەكانی ئاوارەكان لە كەنیسەی مار یوسفی عەنكاوە لەگەڵ پیاوانی ئایینی مەسیحی و نوێنەرانی ئاوارەكان كۆ بووەوە.




