٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: دەڤەری شنگال ڕزگار دەکرێ.. ناهێڵین یەك بستی خاكی كوردستان لەژێر دەستی تیرۆریستاندا بمێنێت

سەرچاوە: KDP.info
کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ تەواوی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی دەشتی نەینەوا و دەڤەری تەلەعفەر و زوممار و شنگال كۆ بووەوە. ئەمڕۆ

هەولێر-KDP.INFO-  وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە گەلی كوردستان تەنیا نییە و هەموو دونیا پشتیوانیەتی، (سەرۆک بارزانی) ڕۆڵی پێشمەرگەی لە ڕێگەگرتن و وەستاندنی پەلاماری تیرۆریستان بەرز نرخاند و جەختی كردەوە "ئەگەر بە تەنیا بین و كەسیش لە پشتمان نەبێت، ناهێڵین یەك بستی خاكی كوردستان لەژێر دەستی تیرۆریستاندا بمێنێت"، هاوکات پێکهاتەکانی دەڤەری شنگالی دڵنیا لردەوە کە، دەڤەری شنگال و هەموو ناوچەكانی ژێر دەستی تیرۆریستان ئازاد دەكرێن.

(سەرۆك بارزانی) لەگەڵ كەسایەتییە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكانی دەشتی نەینەوا و دەڤەری تەلەعفەر و زوممار و شنگال كۆ بووەوە.
بە مەبەستی تاوتووكردنی بارودۆخی ئەو ناوچانەی كەوتوونەتە بەر پەلاماری تیرۆریستان و هەروەها بارودۆخی ئاوارەكان و گوێگرتن لە ڕاوبۆچوون و پێشنیازەكان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، لەگەڵ كەسایەتییە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكان و پیاوماقوڵانی ئێزدی و كریستیان و موسڵمان و توركمان و ئەرمەن و شەبەك و نوێنەرانی هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی دەشتی نەینەوا و دەڤەری تەلەعفەر و زوممار و شنگال كۆ بووەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و تێیدا باڵی كشاندە سەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستان بۆ سەر خەڵكی ناوچەكە و، هاوخەمیی خۆی بۆ خەڵكی دەڤەرەكە و لێقەوماوان نیشان دا و، ڕایگەیاند كە، "ئەوە كارەساتێكە بەسەر هەموو گەلی كوردستاندا هاتووە و هەموومان تێیدا هاوبەش و هاوخەمین."
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەو دۆخە نالەبارە هەرهەمووی لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی حكوومەتەكانی بەغدا بووە. لەبارەی پەلاماری تیرۆریستانیش ئاماژەی دا كە، تیرۆریستان هیچ سنوورێك بۆ بەها و ئەخلاق نازانن و ئەمانجیان تەنیا دەستدرێژی و تۆقاندنی خەڵكە و، ڕایشیگەیاند كە تیرۆریستان لە پاشەكشەدان و هێزی پەلاماردانیان نەماوە و هیچ داهاتوویەكیان لەم وڵاتەدا نییە.

هەر لە درێژەی قسەكانیدا وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە گەلی كوردستان تەنیا نییە و هەموو دونیا پشتیوانیەتی، ڕۆڵی پێشمەرگەی لە ڕێگەگرتن و وەستاندنی پەلاماری تیرۆریستان بەرز نرخاند و جەختیشی كردەوە ئەگەر بە تەنیا بین و كەسیش لە پشتمان نەبێت، ناهێڵین یەك بستی خاكی كوردستان لەژێر دەستی تیرۆریستاندا بمێنێت.

(سەرۆك بارزانی) لەبارەی بارودۆخی ئاوارەكانیش دوا و هێمای بەوەدا كە، چارەسەری سەرەكیی كێشەی ئاوارەكان ئەوەیە كە ناوچەكانیان ئازاد بكرێن و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و، داوایشی كرد كەس بیر لە جێهێشتنی وڵات نەكەنەوە و لە وڵاتی خۆیان بمێنن، دووپاتیشی کردەوە کە "یان هەموومان پێكەوە بە ئازادی و سەربەرزی دەژین، یانیش پێكەوە دەمرین."
(سەرۆك بارزانی) ئامادەبووانی لەوە دڵنیا كردەوە كە، ئەوانەی لە ڕووداوەكاندا كەمتەرخەمییان نواندووە، دەدرێنە دادگە و سزا دەدرێن. ئاماژەیشی بەو كارەساتە دا كە بەسەر خەڵكی شنگالدا هاتوو و، ڕایگەیاند ئەوانەی دەستیان لە كوشتن و ئازاردانی خەڵكی شنگالدا هەبووە، سزای خۆیان وەردەگرن و ئامادەبووانیشی لەوە دڵنیا كردەوە كە شنگال و هەموو ناوچەكانی ژێر دەستی تیرۆریستان ئازاد دەكرێن.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا دەرگای گفتوگۆ و پرسیار و پێشنیاز بەسەر ئامادەبووان كرایەوە و نوێنەرانی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی دەشتی نەینەوا و تەلەعفەر و زوممار و شنگال، لەبارەی چارەسەركردنی دۆخەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و هەروەها بارودۆخی ئاوارەكان تێبینی و پێشنیاز و پرسیارەكانیان ئاراستەی (سەرۆك بارزانی) كرد و وەڵامی پرسیار و تێبینییەكانیان درایەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار