بەریتانیا: پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان ئامانجێكی ستراتیژیی حكوومەتی بەریتانیایە

هەولێر-KDP.INFO- لە دیدارێکیاندا لەگەڵ (سەرۆک بارزانی)، شاندێکی پایەبەرزی حكوومەتی بەریتانیا جەختی لە بەردەوامیی پاڵپشتی و هاوكاریی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە و، ئەوەشی خستەڕوو كە لەپێناو گەیاندنی هاوكارییەكان بۆ ئاوارەكان بە باشترین شێوە پێویستە هەماهەنگیی تەواو لەنێوان ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان و دەزگە خێرخوازەكان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها بەغدایش هەبێت. هاوکات ڕایگەیاند، پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان یەكێكە لە خاڵە گەشەكانی عێراق و بەردەوامیی ئەو پێشكەوتنە ئامانجێكی ستراتیژیی حكوومەتی بەریتانیایە.
ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەڵاحەددین سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە شاندێكی پایەبەرزی حكوومەتی بەریتانیا كرد كە پێكهاتبوو لە خاتوو وەزیری پەرەپێدانی نێودەوڵەتی(هۆن جاستین گرینینگ) و وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست(تۆبیاس ئێڵوود) و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق(سایمۆن كۆڵس).
لە دیدارێكدا شاندی پایەبەرزی حكوومەتی بەریتانیا سوپاسی (سەرۆك بارزانی)-یان كرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەم دیدارە و ڕایگەیاند، "هاتووین بۆ ئەوەی لە نزیكەوە قەیرانی مرۆیی و ئەو تەحەدیاتانە ببینین كە ڕووبەڕووی كوردستان بوونەتەوە و بزانین كە چیتان پێویستە و چیی بۆ ئاوارەكان بكەین."
شاندەكە دەستخۆشی لە دەستكراوەیی و پێشوازیی گەلی كوردستان كرد لەبەرانبەر هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر بۆ هەرێمی كوردستان. شاندی حكوومەتی بەریتانیا جەختی لە بەردەوامیی پاڵپشتی و هاوكاریی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە و ئەوەشی خستەڕوو كە لەپێناو گەیاندنی هاوكارییەكان بۆ ئاوارەكان بە باشترین شێوە پێویستە هەماهەنگیی تەواو لەنێوان ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان و دەزگە خێرخوازەكان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها بەغدایش هەبێت.
لەم دیدارەدا شاندی حكوومەتی بەریتانیا ڕێكخراوی داعشی بە هەڕەشەیەكی جیددی زانی بۆ سەر ئاساییشی جیهانی و جەختیان كردەوە كە دەبێ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هەماهەنگی و یەكگرتوویی كار بۆ نەهێشتنی ئەم ڕێكخراوە بكات. شاندەكە هاوکات جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و بەریتانیا كردەوە و ئەوەی خستەڕوو كە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان یەكێكە لە خاڵە گەشەكانی عێراق و بەردەوامیی ئەو پێشكەوتنە ئامانجێكی ستراتیژیی حكوومەتی بەریتانیایە. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا شاندی حكوومەتی بریتانیا دەستخۆشیی لە هەرێمی كوردستان كرد كە سەرباری بوونی تەحەدیاتی زۆر دەرفەتێكی نوێی بە پڕۆسەی سیاسیی عێراق داوە.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی حكوومەتی بەریتانیای كرد و پاڵپشتیی و هاوكارییەكانی وڵاتی بەریتانیای بە بەرز نرخاند. (سەرۆك بارزانی) بە وردی شاندی حكوومەتی بەریتانیای لە بارودۆخی ئاوارەكان و هەڕەشەی تیرۆریستان و هەروەها بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان ئاگادار كردەوە و ڕایگەیاند كە ئێستا دەستپێشخەری لە دەستی پێشمەرگەیە و هێزەكانی پێشمەرگە كەوتوونەتە دۆخی هێرشبردن.
(سەرۆك بارزانی) لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستان ئاماژەی بەوەدا كە بەهۆی ئامانجی مەترسیدار و دڕندەیی و پڕچەكیی و ئەو ئیمكانیاناتەی لە بەردەست تیرۆریستانە نابێ بە سادەیی سەیریان بكرێت و تێكشكاندنیان پێویستی بە هەوڵێكی هەمەلایەنەی نێودەوڵەتی هەیە. پەیوەست بە دۆخی ئاوارەكانیش (سەرۆك بارزانی) ئەوەی ڕاگەیاند كە "بە هەموو توانایەك یارمەتیی حەواندنەوەیان دەدەین و شانازییش بەوە دەكەین كە بە قەناعەتەوە دەیانپارێزین و یارمەتییان دەدەین، بەڵام ژمارە و ئاستی كارەساتەكە زۆر گەورەیە و لە تواناكانی حكوومەتی هەرێمی تێپەڕیوە و پێویستە جیهان یارمەتیی ئێمە بدات بۆ ئەوەی بتوانین ئاوارەكان بحەوێنینەوە و دواتریش بیانگەڕێنینەوە ناوچەكانیان."
لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بەوەدا كە ئەو قەیران و كارەسات و هەڕەشانەی ئێستا لە عێراقدا هەن، هەمووی لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی حكوومەتەكانی پێشووتر بووە و لە دە ساڵی ڕابردوو كار لەسەر تێكدان هەموو بوارەكانی ژیانی عێراق كراوە و، ڕاشیگەیاند هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدات یارمەتیی پڕۆسەكە بدات بۆ ئەوەی حكوومەتێكی باش دروست ببێ، بەڵام نابێ بە هیچ شێوەیەك هەڵەی حكوومەتەكانی ڕابردوو دووبارە ببنەوە، چونكە ئەنجامەكەی خەراپتر دەبێ لەوەی ئێستا هەیە.




