سەرۆک بارزانی: داعش ناتوانێت پیلانەکەی بە ئەنجام بگەیەنێت.. جەوادزەریفی: ئێران بە هەموو شێوەیەک پشتیوانتانە

هەولێر-KDP.INFP- سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوای خواست کە ئەو شەرەفە بە کوردستان ببڕێت کە داعش لە هەرێمی کوردستانەوە شکست ببات و کۆتایی پێ بێت. هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێران (محەممەد جەوادزەریفی) گوتی، داعش مەترسییە بۆ هەمووان، بەو هۆیەوە ئەوان پشتیوانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.
(سەرۆک بارزانی) دەربارەی هاوكارییەكانی وڵاتان بۆ هێزی پێشمەرگە و هاوسەنگیی هێز لەنێوان داعش و هێزەكانی پێشمەرگەدا، ڕایگەیاند "ئێمە پێش هاوكارییەكانیش ئیرادەی ئەوەمان هەبوو كە داعش لەناو ببەین، بەڵام بە گەیشتنی هاوكارییە سەربازییەكانیش پێشمەرگە سەركەوتنی گەورەی بە دەست هێناوە".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان زیاتر گوتی "هێزەکانی پێشمەرگە لە هێرشكردن بەردەوام دەبن و هیوادارین ئەو شەرەفەمان پێ ببڕێت، كە داعش لەسەر خاكی كوردستان كۆتایی بێت".
(سەرۆک بارزانی) راشیگەیاند، كە كۆماری ئیسلامیی ئێران یەكەم وڵات بووە چەكی داوەتە پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش.
هاوکات هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی بەنداوی مووسڵی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رەت كردەوە و گوتی "خۆتان دەتوانن بڕۆن ببینن كە بەنداوەكە لەژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگەدایە".
دوای پێشوازیکردنی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران(محەممەد جەوادزەریفی) کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجام دا. لەو کۆنگرەیەدا وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند وڵاتەکەی گرینگیی زۆر بە ئاساییشی عێراق دەدات و وەک ئەو گوتی "وەک ئاساییشی خۆی لێی دەڕونێت"، جەختیشی کردەوە کە "داعش مەترسییە بۆ سەر کورد و سوننە و شیعە و تەنانەت بە ئەوانەی پاڵپشتی داعشیش دەکەن."
دەربارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقیش، وەزیری دەرەوەی ئێران هیوای خواست "بە زووترین کات حکوومەتێکی گشتگیر لە عێراق پێک بهێنرێت"، جەختیشی کردەوە کە ئێران بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات و ئومێدەواریشە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە زووترین کات چارەسەر بکرێن.
هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا (سەرۆک مەسعوود بارزانی) رایگەیاند "رێکخراوی داعش ناتوانێت پیلانەکەی بە ئەنجام بگەیەنێت، چونکە لەلایەن پێشمەرگەوە سەرکەوتنی گەورە بە دەست هاتووە و داعش ڕوو لە شکستە، لە ئێستایشدا پێشمەرگە لە قۆناخی هێرشبردنە و زیانی زۆریشی بە داعش گەیاندووە."




