٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

پارلەمانی ئەڵمانیا بۆ سەرۆک بارزانی: ئەڵمانیا سوپاستان دەكات.. ئامادەین هاوكارتان بین و یارمەتیتان بدەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  لە دیداریدا لەگەڵ (سەرۆک بارزانی)، شاندێكی پارلەمانی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، "ئەڵمانیا سوپاستان دەكات و گەلی ئەڵمانیا وێنەیەكی زۆر ئیجابیی كوردستانی لا دروست بووە. ئێمە ئامادەین هاوكارتان بین و یارمەتیتان بدەین لە دابینكردنی كەلوپەلی سەربازی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و هاوكاریی مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران."

ئەمڕۆ دووشەممە لە سەڵاحەدین، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە شاندێكی پارلەمانی ئەڵمانیا كرد بە سەرۆكایەتیی(ڤۆلكەر كاودر) سەرۆكی گرووپی پارلەمانیی پارتییەكانی یەكیەتیی دیموكراتی مەسیحی و یەكیەتیی سوشیاڵ مەسیحی لە پارلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵ.
لە سەرەتای دیدارەكەدا سەرۆكی شاندی پارلەمانی ئەڵمانیا سوپاسی خۆی و سڵاوی ڕاوێژكاری ئەڵمانیای بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیایشی بە (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستان گەیاند بەهۆی ئەو هەوڵانەی بۆ پاراستنی ئێزدی و مەسیحیی و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان و عێراق دراون و گوتی: "ئەڵمانیا سوپاستان دەكات و گەلی ئەڵمانیا وێنەیەكی زۆر ئیجابیی كوردستانی لا دروست بووە. ئێمە ئامادەین هاوكارتان بین و یارمەتیتان بدەین لە دابینكردنی كەلوپەلی سەربازی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و هاوكاریی مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران."
سەرۆكی شاندی پارلەمانی ئەڵمانیا لەبارەی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم زیاتر دوا و ئاماژەی بەوەدا كە بەو یارمەتی و پێشوازییەی پێشكەشی ئاوارەكانی كردووە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێگە و ناوبانگێكی بەرزی لە جیهاندا پەیدا كردووە.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هاوسۆزی و بەدەنگەوەهاتنی ڕاوێژكار و گەلی ئەڵمانیا و هەموو ئەو وڵاتە دۆستانەی كرد كە پاڵپشتی هەرێمی كوردستانن و ڕایگەیاند كە ئەو پاڵپشتییە دڵگەرمی و هێزێكی زیاتر دەداتە گەلی كوردستان و گوتی: "ئێمە نامانەوێ ڕۆڵەكانتان بێن و لێرە شەڕی تیرۆریستان بكەن. متمانەمان بە پێشمەرگە و گەلی كوردستان هەیە كە دەتوانن تیرۆریستان تێك بشكێنن، تەنیا پێویستمان بە چەكی تازە هەیە بۆ ئەوەی شەڕی تیرۆر بكەین."
(سەرۆك بارزانی) وێڕای ئاماژەدان بەو ئابلۆقەیەی لەسەر هێزەكانی پێشمەرگە لە 10 ساڵی ڕابردوو لە لایەن حكوومەتی عێراقیدا هەبووە ئەوەی خستەڕوو كە پێشمەرگە بە ئیمكانیاتی متەوازعی خۆیەوە توانی بوێرانە ڕێگە لە پێشڕەوی تیرۆریستان بگرێت و پاشەكشەیان پێ بكات و زەبری كوشندەیان لێ بدات.
(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا هێمای بە دڕندەیی و مەترسیی تیرۆریستان دا كە دژی هەموو ئایین و بیروبۆچوون و بەهایەكی مرۆڤایەتین و ئەو شوێنەی ئەوان لێی بن ژیان هیچ مانایەكی نامێنێت.
سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بەوەدا كە ئامادەین یارمەتیی پڕۆسەی سیاسی بدەین بە مەرجێك گۆڕانكاری لە شێوەی حوكمڕانی و جۆری بیركردنەوە لە حكوومەتی تازەدا ڕوو بدات و هەڵەكانی پێشتر دووبارە نەبێتەوە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بە پێویست زانی كە حكوومەتی عێراقی دەبێ هەست بە بەرپرسیارێتی بكات و قەرەبووی زیانەكانی ئەو خەڵكە بكات كە بەهۆی هەڕەشەی تیرۆریستان ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە.
 

هەواڵی پەیوەندیدار