بارزانی بۆ مەسیحییەکان: تیرۆریستان تێک دەشکێن، بیر لە جێهێشتنی وڵات مەکەنەوە

هەولێر-KDP.INFO- لە دیداریدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لوبنان، (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەوە هەوڵی داوە یارمەتیی مەسیحییەكان بدات و بیانپارێزێت و، داوایشی كرد كە بیر لە جێهێشتنی خاك و وڵاتیان نەكەنەوە، چونكە هەڕەشەی تیرۆر كاتییە و تیرۆریستان تێك دەشكێن.
ئەمڕۆ دووشەممە لە سەڵاحەددین سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی لوبنان(جوبران باسیل) و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا وەزیری دەرەوەی لوبنان سوپاسی (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و سڵاوی گەلی لوبنان و سەرۆكوەزیرانی وڵاتەكەیشی پێ گەیاند و جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاكان كردەوە و سوپاسی (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستانیشی كرد بۆ حەواندنەوە و پاراستنی ئەو هاووڵاتییە مەسیحییانەی كە لە ئەنجامی پەلاماری تیرۆریستان پەنایان بۆ كوردستان هێناوە.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی گەلی كوردستان و لوبنان پێشوازی لە فراوانبوونی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و لوبنان كرد.
هەر لەم دیدارەدا هەڕەشەكانی تیرۆر بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و ڕێگەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشەیە تاوتوێ كرا. لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران خرایە بەر باس و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو ژمارە زۆرەی كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتییەكی زیاتری هەرێمی كوردستان بكات و حكوومەتی عێراقیش بە بەرپرسیارێتیی خۆی بەرانبەر هاووڵاتیان و پەنابەران، پابەند بێت و ئاسانكاری بۆ یارمەتیدان و بەهاناچوونی پەنابەران بخاتەڕوو.
پەیوەست بە پاراستن و یارمەتیدانی خوشك و برا مەسیحییەكان (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند كە، هەرێمی كوردستان بە هەموو توانایەوە هەوڵی داوە یارمەتییان بدات و بیانپارێزێت و داوایشی كرد كە بیر لە جێهێشتنی خاك و وڵاتیان نەكەنەوە، چونكە هەڕەشەی تیرۆر كاتییە و تیرۆریستان تێك دەشكێن و ئەوەیشی دووپات کردەوە كە "گەلی كوردستان بەهەموو پێكهاتەكانییەوە یان هەموومان پێكەوە دەمرن یان پێكەوە بە ئازادی لەسەر خاكی خۆمان دەژیین." هاوکات ئامادەیی حكوومەتی هەرێمیشی ڕاگەیاند كە دەرگەی خۆبەخشین بۆ خوشك و برا مەسیحییەكان بكاتەوە بۆ ئەوەی شانبەشانی پێشمەرگە پارێزگاری لە وڵات بكەن.




