٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی و باڵیۆزی فەڕەنسا لە کەمتەرخەمیی عێراق بەرانبەر بە ئاوارەکان، هاوهەڵوێست بوون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی فەڕەنسا، (سەرۆک بارزانی)ڕایگەیاند كە، بەرپرسیارێتیی دروستبوونی ئەم دۆخە نالەبارە دەكەوێتە سەر شانی حكوومەتی عێراقی كەچی لە مەسەلەی ئاوارەكان و شەڕی دژی داعش بەرپرسیارێتیی خۆی بەجێ نەگەیاندووە.باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراقیش هاوهەڵوێست بوو، ئاماژەی دا كە حكوومەتی عێراقی لەبەرانبەر ئەو دۆخە مرۆیی و ئەمنییەی لە كوردستان هاتووتە ئاراوە دەبێ بە هەست بەرپرسیارێتییەكی زیاتر مامەڵە بكات.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 17ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لەدۆنی گۆیێر باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا باڵیۆزیفەڕەنسا لە عێراق سوپاسی (سەرۆك بارزانی)-ی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و نیگەرانیی و هاوسۆزیی خۆیشی بۆ گەلی كوردستان نیشان دا بۆ ئەو تەحەددیات و گرفتانەی لە ئەنجامی پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان هاتووەنەتە ئارا. باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق ئەوەیشی خستەڕوو كە لەوە دڵنیایە كوردستان لەسەر ڕێگەی ڕاست دەڕوات و دەتوانێ لە كاروانی پێشكەوتنی خۆی بەردەوام بێت و هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە دۆستایەتیی دێرینی گەلی كوردستان و گەلی فەڕەنسا ڕایگەیاند كە فەڕەنسا ئامادەیە لە هەر كاتێكدا هەڕەشە لەسەر گەلی كوردستان بێت یارمەتیی بدات.

 باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق هێمایشی بەوەدا كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی مرۆیی و سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان و هانی وڵاتانی دیكەی ئەورووپایش دەدات كە یارمەتیدانەكانیان چالاكتر بكەن. سەبارەت بە هەڵوێستی بەغدا لەمەڕ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستانباڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق ئاماژەی بەوەدا كە حكوومەتی عێراقی لەبەرانبەر ئەو دۆخە مرۆیی و ئەمنییەی لە كوردستان هاتووتە ئاراوە دەبێ بە هەست بەرپرسیارێتییەكی زیاتر مامەڵە بكات.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی باڵیۆزی فەڕەنسای كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و بەناوی خەڵكی كوردستان سوپاسی سەرۆك و حكوومەت و گەلی فەڕەنسای كرد كە لەكاتی تەنگانەدا بە كردەوە لەتەك گەلی كوردستان وەستان و ڕۆڵی پێشڕەوانەی فەڕەنسایشی بۆ هاندانی وڵاتانی ئەورووپا بۆ یارمەتیانی كوردستان بەرز نرخاند.

سەبارەت بە دۆخی بەرەكانی جەنگ (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بەوەدا كە ئێمە ڕووبەڕووی دەوڵەتێكی تیرۆریستیی پڕچەك بووینەوە كە چەكی دوو وڵاتی سووریا و عێراقی كەوتووەتە دەست و پێشمەرگەیش كە ماوەی 10 ساڵە لە لایەن حكوومەتی عێراق ئابڵوقەی لەسەرە پێویستی بە چەكێكە كە بتوانێ ئەو تیرۆریستانە بشكێنێت كە چەكی نوێ و زۆریان لەبەردەستە.

لەم دیدارەدا (سەرۆك بارزانی) بە وردی لەبارەی جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی و ئاوارەبوونیان و هەروەها ئاوارەبوونی مەسیحییەكان دوا و ئەوەی خستەڕوو كە ژمارەی ئاوارەكان لە توانای هەرێم چووەتە دەر، بە تایبەتیش كە ماوەی 8 مانگە بەغدا بودجەی هەرێمی بڕیوە و ئێستایش لە شەڕێكی بەردەوام داین لەگەڵ تیرۆریستان. لە درێژەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بە بوونی ژمارەیەكی زۆری بیانی كرد لەنێو ڕیزەكانی داعش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری بە ئەركێكی نێودەوڵەتی لەقەڵەم دا.

سەبارەت بە سیاسەتی بەغدایش (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند كە بەرپرسیارێتیی دروستبوونی ئەم دۆخە نالەبارە دەكەوێتە سەر شانی حكوومەتی عێراقی كەچی لە مەسەلەی ئاوارەكان و شەڕی دژی داعش بەرپرسیارێتیی خۆی بەجێ نەگەیاندووە.

هەواڵی پەیوەندیدار