(بارزانی): بە یەکڕیزی و ھاوکاریی دۆستان تیرۆریستان تێک دەشکێنین.. (شتاینمایەر): بە تەنیا جێتان ناھێڵین
__2014_08_16_h17m39s42__LB.jpg)
هەولێر-KDP.INFO- لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا کە بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا(فرانک واڵتەر شتاینمایەر) ساز درا، (سەرۆک بارزانی) رایگەیاند کە بە یەکڕیزی و ھاوکاریی دۆستانمان پلانی تیرۆریستان شکست پێ دەھێنین. لای خۆیشییەوە (شتاینمایەر) رایگەیاند، بەهۆی شەڕی پێشمەرگەوە لەگەڵ چەکدارانی داعش، "هەموو جیهان بەسەربەرزییەوە دەڕوانێتە پێشمەرگە."
دوای گەیشتنی بۆ شاری هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکەدا وەیزری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی "لەو شەڕەی ڕووبەڕووتان بووەتەوە، ئێوە بە تەنیا جێ ناھێڵین" و گوتیشی "تا دواسنوور بۆ کۆمەک و ھاوکاریی دەچین و ئەڵمانیا لەو کۆمەکە پێکەوەییەی ئەورووپا بۆ ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بەشدار دەبێت و بڕیارمان داوە تا دواسنووری سیاسی، لەم بارودۆخەدا کۆمەکی کوردستان بکەین."
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا(فرانک واڵتەر شتاینمایەر)، ئاشكرایشی كرد، لەگەڵ (سەرۆک بارزانی) باسی چەک و پێداویستییە سەربازییەکان دەكەن، تا بزانن چ جۆرە چەكێك بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێویستە بۆ ئەوەی وڵاتی ئەڵمانیا بتوانێ هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكات.
ئەو هاوکات سوپاسی حکوومەتی کوردستانیشی کرد کە پێشوازی لە ئاوارەکان کردووە و ئەو کارانەی حکوومەتی کوردستان کردوونی بە بایەخ و جێی ڕێز ناو برد.
(شتاینمایەر) باسیشی لە هاوكارییەكانی ئەڵمانیا بۆ ئاوارەكان کرد و ئاماژەی دا، "حكوومەتی ئەڵمانیا 4.5 ملیۆن یۆرۆی دابین كردووە و پێشكەش كراوە، لە چوارشەممەی رابردوویشەوە بە جەنابی سەرۆكم راگەیاند، كە 20 ملیۆن یۆرۆی دیكە، هەر لەلایەن حكوومەتی ئەڵمانیاوە بۆ یارمەتیی مرۆیی بۆ ئاوارەكان تەرخان كراوە."
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕوونی کردەوە کە، دوێنێ هەینی، یەكەم پارەی گەیاندنی كۆمەكەكانیان لە رێگەی فڕۆكەوە ناردووە و بڕی دیكەش بەڕێوەیە.
هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەداکە ئەمرۆ شەممە 16-8-2014 ساز درا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، رایگەیاند، "ئەم سەردانە بەڵگەی ئەوەیە دۆستانمان لە كاتی تەنگانەدا بە هانامانەوە دێن و پشتگیریمان دەكەن."
(سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند، "رۆژ بە رۆژ پشتیوانیی دەرەكی بۆ هەرێمی كوردستان فراوانتر و زیاتر دەبێت، بۆ سوپاسی هەموو دۆستانیشمان دەكەین كە هاوكارییان كردووین، ئێمەیش وەك خەڵكی كوردستان دەبێ ئەوە بزانین كە ئەوان بۆ بەمشێوەیە پشتمان دەگرن، ئەمەش لەبەر ئەو بنەمایانەیە كە ئێمە پشتمان پێبەستووە، كە دیموكراسی، ئازادی، لێبووردەیی و پێكەوەژیانە."
( سەرۆک بارزانی) جەختیشی كردەوە لەوەی كە "تا دوادڵۆپی خوێن بەرگری لە هێشتنەوەی ئەو بەهایانە دەكەین و هەموویشمان پێكەوە لەم وڵاتەدا دەبێ بە ئازادی و سەربەستی بژین."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بیری هەمووانی بۆ ئەو کارەساتانە بردەوە کە بە درێژایی مێژوو بەسەر گەلی كورددا هاتوون، بەڵام کارەساتی ئەمجارەی ئێزدی و كریستییانەكانی بە هیی هەموان ناو برد، زیاتر گوتی "ئێمە بە یەكڕیزی و بە پشتیوانیی دۆستانمان، پیلانەكانی ئەمجارەیش تێك دەشكێنین و سەربەرزانە لێی دەردەچین."




