سەرۆککۆمار پیرۆزبایی شەست و هەشتەمین ساڵەی پارتی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند

هەولێر-KDP.INFO- سەرۆککۆماری عێڕاقی فیدراڵ(فواد مەعسووم)، لە پەیامێکیدا بۆ (سەرۆک بارزانی) وێڕای پیرۆزکردنی یادی شەستوهەشتەمین ساڵەی دامەزراندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان، هیوای وایە کە، ئەم یادە نیشتمانی و نەتەوەییە، ببێتە مایەی پێشكەوتنی زیاتری ژیانی سیاسی و پێكەوەژیان و دیموكراسی و ئازادییەكان و، یەكڕیزیی نێوان هێز و پێكهاتەكانیش قووڵتر بكاتەوە. هاوکات دەڵێ،"پارتی وەك هێزێكی دیموكراتخوازی پێشكەوتنخواز كە بە درێژایی دەیان ساڵی رابردووی خەبات ڕۆلّی گەورەی هەبووە و لە بنیاتنانی عێراقی نوێیشدا جێ دەستی دیارە، لەم جەنگە چارەنوسسازەیشدا شانبەشانی هەموو هێزە عێراقیی و كوردستانییەكانی دیكە بە سەرۆكایەتیی جەنابتان رۆڵی بەرچاوی خۆی دەبینێت."
دەقی پەیامی سەرۆککۆماری عێڕاق:
بە ناوی پەروەردگاری بەخشندە و میهرەبانەوە
بەڕێز جەنابی كاك مەسعود بارزانی
سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێراق
سڵاوێكی گەرم
بە بۆنەی شەست وهەشتەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەكەم لە رێی ئێوەشەوە پیرۆزبایی لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی و ئەنجومەنی سەركردایەتیی و ئەندام و دۆست و لایەنگر و پێشمەرگەكانی پارتی دەكەم.
هیوادارم ئەم یادە نیشتمانیی و نەتەوەییە ببێتە مایەی پێشكەوتنی زیاتری ژیانی سیاسیی و پێكەوە ژیان و دیموكراسیی و ئازادییەكان لە هەردو ئاستی عێراقیی و كوردستانیی، یەكڕیزیی نێوان هێز و پێكهاتەكان زیاتر قوڵ بكاتەوە بۆ پێشكەوتن و گەشەسەندن لە هەمو ئاستەكاندا بە تایبەتیی لەم هەلو مەرجەدا كە نیشتمان و هاوڵاتییان بە هەمو پێكهاتەكانەوە بە تایبەتیی خوشك وبرایانی ئێزدی و مەسیحییەكان روبەروی ترسناكترین هەڕەشەی تێرۆر بوەتەوە.
دڵنیام، پارتیش وەك هێزێكی دیموكراتخوازی پێشكەوتنخواز كە بەدرێژایی دەیان ساڵی رابردوی خەبات رۆڵی گەورەی هەبووە و لە بنیاتنانی عێراقی نوێشدا جێ دەستی دیارە، لەم جەنگە چارەنوسسازەشدا شان بەشانی هەمو هێزە عێراقیی و كوردستانییەكانی دیكە بە سەرۆكایەتی جەنابتان رۆڵی بەرچاوی خۆی دەبینێت.
لە كۆتاییدا پیرۆزبایی خۆم دوبارە دەكەمەوە هەر سەركەوتو وسەربەرز بن.
براتان
د.فوئاد مەعسوم
سەرۆك كۆمار




