ئەنجێلا مێركل، پشتگیریی خۆی و گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای بۆ گەلی كوردستان ڕاگەیاند

هەولێر-KDP.INFO- ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی،ڕاوێژكاری ئەڵمانیا(ئەنجێلا مێركل)، پشتگیریی خۆی و گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای بۆ گەلی كوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند، لە بەرانبەریشدا (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند، "بە هیمەتی گەل و پێشمەرگەی كوردستان و یارمەتیی گەلانی دۆستی كوردستان، تیرۆریستان شكست دەهێنن و ئەو خەڵكەی ئاوارەیش بوونە، بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان."
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا(ئەنجێلا مێركل)، لە ڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)-یەوە كرد.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ڕاوێژكاری ئەڵمانیا پشتگیریی خۆی و گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای بۆ گەلی كوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند و هاوسۆزیی خۆیشی بۆ ئەو ئاوارانە دەربڕی كە بەهۆی پەلاماری تیرۆریستان ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە و ئامادەیی حكوومەتی ئەڵمانیایشی بۆ هاوكاریكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نیشان دا.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی ڕاوێژكار و حكوومەت و گەلی ئەڵمانیای كرد بۆ ئەو هاوسۆزییەی بۆ گەلی كوردستانیان هەیە و، ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی ئەمنی و سەربازیی هەرێمی كوردستان و چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش و هەروەها ڕاوێژكاری ئەڵمانی لە بارودۆخی ئاوارەكان ئاگادار كردەوە.
هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا (سەرۆك بارزانی) هێمای بەوەدا كە جێگەی شانازییە گەلی كوردستان لە جیاتی جیهانی ئازاد بووەتە سەری ڕمی جەنگ لە دژی تیرۆریستانی داعش و جەختیشی كردەوە كە، "بە هیمەتی گەل و پێشمەرگەی كوردستان و یارمەتیی گەلانی دۆستی كوردستان، تیرۆریستان شكست دەهێنن و ئەو خەڵكەی ئاوارەیش بوونە، بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان."
لە كۆتایی پەیوەندییەكەدا هەردوولا بڕیاریان دا لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و بەدواداچوون بۆ پێشهاتەكان لە پەیوەندییدا بن.




