پەیامێك لە سەرۆك بارزانی بۆ ڕای گشتیی كوردستان

بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان
جەماوەری خۆشەویستی كوردستان
لەبەرانبەر هێرشی دڕندانەی تیرۆریستاندا كوردستان ئازایانە بەرگری لەخۆی دەكات و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆستیش پشتگیریی خۆیان بۆ گەلی كوردستان ڕاگەیاندووە و پشت بە خوای مەزن و ئیرادەی ئێوە و هێزی پێشمەرگە، تیرۆریستان تووشی شكست دەبن و تۆڵەی شەهیدان و ئاوارەكان و كارەساتی شنگالیان لێ دەكەینەوە. جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بكەم كە ڕێگەیان بۆ ڕزگاركردنی خوشك و برا ئێزیدییەكان لە چیای شنگال كردووەتەوە و ژمارەیەكی زۆریان لەو ئازیزانە ڕزگار كردووە. هەروەها بە پێویستی دەزانم زۆر سوپاسی ئەمەریكا و وڵاتانی دۆستی گەلەكەمان بكەم كە زۆر یارمەتیان دا بۆ ڕزگاركردنیان.
لە دوای ڕووداوەكانی شنگال و ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزیدییەكانماندا هات، ئەو بەرپرسە ئەمنی و سەربازی و حیزبییانەی ئەركی پاراستنی دەڤەری شنگالیان لە ئەستۆ بوو، لەسەر كارەكانیان لادران و لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەیش بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان پێك هاتووە و لیژنەكە بڕیار لەسەر سزادانی ئەو بەرپرسانە دەدات كە لە پاراستنی خەڵك و پێشمەرگە، كەمتەرخەم بوونە.
ئەوەی لە شنگال ڕوویدا تەنیا بەسەر خوشك و برا ئێزیدییەكاندا نەهاتووە بەڵكو زامێكە هەموومان ئازار دەدات. ئەو بەرپرسانە دەبوایە گیانی خۆیان فیدا كردبا و شنگال جێ نەهێڵن، هەر وەك بەڵێنیان بە من دابوو، دەبوایە لەگەڵ ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كە شێرانە مانەوە و بەرگرییان كرد، بمێننەوە. پشت بە خوای گەورە ناهێڵین دوژمنان بە مەرامەكانیان بگەن.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
14ـی 8ـی 2014




