نەمسایش پشیوانیی خۆی بە سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند

هەولێر-KDP.INFO- لە درێژەی ڕاگەیاندنی پاڵپشتیی وڵاتانی ئەورووپایی بۆ (سەرۆك بارزانی) لە شەڕی دژی تیرۆر، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیری دەرەوەی نەمسا(سێباستیان كۆرس) لە ڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە كرد.
لەم پەیوەندییەدا وەزیری دەرەوەی نەمسا نیگەرانیی خۆی و وڵاتەكەی بەرانبەر دۆخی نالەباری ئاوارەكانی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كوردستان نیشاندا و ئیدانەی ئەو تیرۆر و تۆقاندنەی كرد كە لە لایەن تیرۆریستان دەرهەق بە خەڵكی كوردستان و پێكهاتەكانی لە ئارادایە. وەزیری دەرەوەی نەمسا پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستان دووپات كردەوە و ڕایگەیاند كە ڕۆژی هەینی كۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەكیەتیی ئەورووپایە و ویستویەتی بەر لە بەشداریكردنی كۆبوونەوەكە لە ڕێی پەیوەندیكردن بە (سەرۆك بارزانی) ئاگاداری بارودۆخی كوردستان بێت بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا لەسەر چۆنییەتی هاوكاری و پاڵپشتیكردنی كوردستان ڕێك بكەون.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی ڕۆڵی مێژوویی وڵاتی نەمسای كرد لە هاوكاری و دۆستایەتیی گەلی كوردستان و ڕایگەیاند بۆ كوردستان جێگەی شانازییە كە بە نوێنەرایەتیی جیهانی ئازاد شەڕ لە دژی تیرۆر دەكات و پێشوازیشی لە هەر جۆرە پشتیوانی و هاوكاریی سەربازی و مرۆیی كە وڵاتی نەمسا پێشكەشی گەلی كوردستانی بكات و ئاماژەیشی بە ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە دا و ڕایگەیاند كە پشتئەستوورین بە ئیرادەی پێشمەرگە و هیمەتی گەلی كوردستان كە هەموو پێكهاتەكانی كوردستان و پەنابەر و ئاوارەكان دەپارێزین و لە شەڕی دژی تیرۆریستان سەردەكەوین.
سەبارەت بە ئاوارەكانیش (سەرۆك بارزانی) ئەوەی بە وەزیری دەرەوەی نەمسا ڕاگەیاند كە "ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ یارمەتیدان و حەواندنەوەیان دەیكەین، بەڵام ڕێژەی ئاوارەكان یەكجار زۆرە و لە سەرووی تواناكانی هەرێمی كوردستانە و پێویستە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە خێرایی بە هانای ئاوارەكان بێت."




