سەرۆك بارزانی: لە سەركەوتنی خۆمان لە دژی دوژمن دڵنیاین

هەولێر-KDP.INFO- لەدیداریدا لەگەڵ جێگری سەرۆكی پارلەمانی ئەڵمانیا، (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند، "سیاسەتی ئێمە ئەوە بووە كە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بپارێزین و بەرگری لە خۆمان بكەین. بەداخەوە لە چەند ساڵی ڕابردوو حكوومەتی عێراقی و هەندێ وڵات ڕێگر بوون لەوەی گەلی كوردستان چەكی پێ بگات بۆ ئەوەی لە كاتی هەڕەشەكاندا بەرگری لە خۆی بكات."
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سەڵاحەددین، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە جێگری سەرۆكی پارلەمانی ئەڵمانیا(خاتوو كلاودیا ڕۆس) و شاندێكی یاوەری كرد.
لەم دیدارەدا جێگری سەرۆكی پارلەمانی ئەڵمانیا سوپاسی (سەرۆك بارزانی) كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و ڕایگەیاند كە "هاتوومە كە گوێمان لە ئێوە بێت لەبارەی ڕووداوەكانی ئەم دواییە و بۆ ئەوەی بزانین كە چۆن دەكرێ یارمەتیی كوردستان بدەین لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدییە گەورەییە كە تووشی هەرێمی كوردستان بووە."
جێگری سەرۆكی پارلەمانی ئەڵمانیا وێڕای ئاماژەدان بەو ژمارە زۆرەی ئاوارە كە ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە ئاماژەی بەوەدا كە ئەوە قورساییەكی زۆر گەورە لەسەر كوردستان دروست دەكات، چونكە پێویستیان بە خۆراك و دەرمان و شوێنی حەواندنەوە و هەروەها قوتابخانە و هاتوچۆ و نەخۆشخانە هەیە ئەوەیش لە حاڵێكدایە ماوەی هەشت مانگە بەغدا بودجەی كوردستانی نەناردووە. جێگری سەرۆكی پارلەمانی ئەڵمانیا سوپاسی ڕۆڵی پێشمەرگەیشی كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان سەرەخۆشیشی لە (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستان و خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستاندا شەهید بوونە.
لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی)، بە گەرمی بەخێرهاتنی جێگری سەرۆكی پارلەمانی ئەڵمانیا و شاندی میوانی كرد و ڕێز و پێزانینی خۆیشی بۆ پاڵپشتیی وڵاتانی دۆستی گەلی كوردستان ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا كە "سیاسەتی ئێمە ئەوە بووە كە پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بپارێزین و بەرگری لە خۆمان بكەین. بەداخەوە لە چەند ساڵی ڕابردوو حكوومەتی عێراقی و هەندێ وڵات ڕێگر بوون لەوەی گەلی كوردستان چەكی پێ بگات بۆ ئەوەی لە كاتی هەڕەشەكاندا بەرگری لە خۆی بكات."
(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە "پێویستمان بە یارمەتیی جیهانی ئازاد هەیە بۆ ئەوەی ئاوارەكان بە باشی بپارێزین و شەڕی تیرۆریستان بكەین."
سەرۆك بارزانی جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە كە "گەلی كوردستان ئازا و خۆڕاگرە هەر بۆیە لە سەركەوتنی خۆمان لە دژی دوژمن دڵنیاین."




