سەرۆک بارزانی: لیوا ڕوكنی فڕۆكەوان ماجید عەبدولسەلام، لە پێناوی مرۆڤایەتیدا شەهید بوو

بنەماڵەی بەڕێزی شەهیدی قارەمان لیوا ڕوكنی فڕۆكەوان ماجید عەبدولسەلام ئەلتمیمی
بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی کارەساتی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەی فریاكەوتن و شەهیدبوونی لیوا ڕوكنی فڕۆكەوان ماجید ئەلتمیمی، كوڕە ئازیزەکەی ئێوە و خۆشمانمان پێگەیشت، كە لە پێناوی مرۆڤایەتیدا شەهید بوو.
ئێمە لە كاتێكدا سەرەخۆشی ئەم ڕووداوە جەرگبڕەتان لێ دەكەین، هاوكات سەرەخۆشی لە خۆمان و گەلی كوردستان و عێراق دەكەین. ئەو ئەركە مرۆڤانەیەی كوڕە مەردەكەی ئێوە لە پێناویدا شەهید بوو، ئەركێكی پیرۆز بوو، یەكێكە لە باڵاترین كارە مرۆییەكان و قوربانیدانە لە پێناو خەڵكێكدا كە ڕووبەڕووی وەحشییانەترین جۆری پاكتاوكردنی ڕەگەزیی و ئایینی دەبنەوە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
دڵنیابن لەم کۆستە دڵتەزێنەدا، دڵی هەموو گەلی كوردستانتان لەگەڵدایە و هاوخەمتانن.
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدی قارەمان لیوا ماجید ئەلتمیمی و گشت شەهیدان
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
14/8/2014




