سەرۆكی فەڕەنسا پشتیوانیی سەربازی بۆ هەرێم لە جەنگی دژی تیرۆریستان، دووپات کردەوە

هەولێر-KDP.INFO- لە پەیوەندیێکی تەلەفۆنیدا، سەرۆككۆماری فەڕەنسا دەستخۆشی لە (سەرۆك بارزانی) كرد لە پاراستنی پێكهاتەكانی كوردستان و سەرپەرشتیكردنی جەنگی دژی تیرۆریستان و دووپاتی كردەوە كە، فەڕەنسا ئەوەی لە دەستی بێت بۆ سەركەوتنی (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستاندا درێخی ناكات و وڵاتەكەی بە كردەیی ناردنی پشتیوانیی سەربازی بۆ هەرێمی كوردستانی دەست پێ كردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی 8ـی 2014 سەرۆككۆماری فەڕەنسا(فڕانسوا هۆڵاند) لە ڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)-یەوە كرد.
لەم پەیوەندییەدا سەرۆككۆماری فەڕەنسا دەستخۆشی لە (سەرۆك بارزانی) كرد لە پاراستنی پێكهاتەكانی كوردستان و سەرپەرشتیكردنی جەنگی دژی تیرۆریستان و ئەوەی دووپات كردەوە كە فەڕەنسا ئەوەی لە دەستی بێت بۆ سەركەوتنی (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستاندا درێخی ناكات و وڵاتەكەی بە كردەیی ناردنی پشتیوانیی سەربازی بۆ هەرێمی كوردستانی دەست پێ كردووە.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی سەرۆك و حكوومەت و گەلی فەڕەنسای كرد بۆ ئەو هەڵوێستەی كە بۆ پشتگیریكردنی گەلی كوردستان نیشانیان داوە و دەستخۆشی لە فەڕەنسا كرد كە لەنێو وڵاتانی ئەوڕووپاییدا ڕۆڵێكی پێشڕەوانەی هەبووە بۆ كۆمەكی سەربازی و مرۆڤی بۆ گەلی كوردستان لەشەڕی دژی تیرۆردا و ڕاشیگەیاند كە هیوادارین وڵاتانی دیكەی جیهانی ئازادیخواز و دیموكراتخواز هەمان هەڵوێستی كردەیی فەڕەنسا بگرنەبەر لە پشتیوانیكردنی كوردستان.




