٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا: لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە، ئەوەی لە دەستمان بێ دەیکەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا سەرسامیی خۆی بە ئازایەتیی پێشمەرگە و ئیرادەی بەهێزی (سەرۆك بارزانی) نیشان دا لە دژایەتیكردنی تیرۆر و ڕاشیگەیاند كە وڵاتەكەی ئەوەی لە دەستی بێت بۆ یارمەتیدان و پشتگیریی سەربازیی و مرۆیی گەلی كوردستان و بە هەماهەنگیی زیاتری مەیدانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 13ـی 8ـی 2014 سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا(دێڤید كامێرون) لە ڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)-یەوە كرد.

لەم پەیوەندییەدا سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان ڕاگەیاند و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن و جەختی لەوە كردەوە كە بەریتانیا پشتیوانی گەلی كوردستان دەبێت.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیای كرد و ڕایگەیاند كە "شانازی بەوە دەكەین كە لە جیاتی جیهانی ئازاد و دیموكرات شەڕی نەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی بەڵكو شەڕی دەوڵەتێكی تیرۆریستی دەكەین"، ئەوەیشی خستەڕوو كە "هەتا دوایین دڵۆپەی خوێن سوورین لە شەڕی تیرۆریستان و بە هێز و ئیرادەی پۆڵایینی پێشمەرگە ئەو شەڕە دەكەین."

 (سەرۆك بارزانی) ئەوەی بە سەرۆكوەزیرانی بەریتانیای ڕاگەیاند كە "ئێستا گەلی كوردستان پاش ئەوەی وڵاتانی جیهانی ئازاد پاڵپشتیی خۆیان بۆ كوردستان نیشان دا ئومێدێكی زیاتری هەیە و لە هەڵوێستی بەرگری دەرچووە و كەوتووەتە هەڵوێستی هێرشبردن."

 (سەرۆك بارزانی) ئاماژەیشی بەوەدا كە "گەلی كورد داوای هاتنی سەربازی هیچ وڵاتێك ناكات چونكە توانای مرۆڤی و هێزی پێشمەرگەی هەیە و ئەوەی كوردستان داوای دەكات ئەوەیە كە لە ڕووی چەكەوە توانای پێشمەرگە بگاتە ئاستێك كە ڕووبەڕووی تیرۆریستان ببێتەوە تێكیانبشكێنێت." لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) پاراستنی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستانی بە ئەركێكی پیرۆز زانی.

هەر لەم پەیوەندییەدا سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا سەرسامیی خۆی بە ئازایەتیی پێشمەرگە و ئیرادەی بەهێزی (سەرۆك بارزانی) نیشان دا لە دژایەتیكردنی تیرۆر و ڕاشیگەیاند كە وڵاتەكەی ئەوەی لە دەستی بێت بۆ یارمەتیدان و پشتگیریی سەربازیی و مرۆیی گەلی كوردستان و بە هەماهەنگیی زیاتری مەیدانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكات.

لەدرێژەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا (سەرۆك بارزانی) وێڕای ئاماژەدان بە هەڵوێستی بەریتانیا لە پشتگیریكردنی كوردستان لە ساڵی 1991 سوپاسی هەڵوێستی جوامێرانەی ئێستای بەریتانیای كرد و ڕایگەیاند "شەڕی تیرۆر پێویستی بە پاڵپشتییەكی دەولی هەیە و چونكە هەڕەشەیە لەسەر هەموو جیهان و بۆ كوردستانیش جێگەی شانازییە كە سەرقافڵەی ئەم جەنگەیە."

پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆی تەلەفۆنیی نێوان (سەرۆك بارزانی) و سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا بوو.  

 

هەواڵی پەیوەندیدار