وەزیری بەرگریی عێراق: هەڵوێستی هەرێم لە دژی تیرۆر قارەمانانەیە

هەولێر-KDP.INFO- لە دیداریدا لەگەڵ (سەرۆک بارزانی)، وەزیری بەرگریی عێراقبە وەكالەت، هەڵوێستی هەرێمی كوردستانی لە دژی تیرۆر بە قارەمانانە وەسف كرد.
ئێوارەی ڕۆژی یەكشەممە 10ـی 8ـی 2014 لە سەڵاحەددین (سەرۆک مەسعود بارزانی) پێشوازی لە وەزیری بەرگریی عێراقبە وەكالەت(سەعدوون دلێمی)و شاندێكی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە ژمارەیەك لە بەرپرسە سەربازی و ئەمنی و سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون بارودۆخی ئەمنی و هەنگاوەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە بەرەكانی شەڕ خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پێویستی بە كاری هاوبەش و پاڵپشتیی جیهانی هەیە چونكە تیرۆر هەڕەشەیەكە هەموو لایەكی كردووەتە ئامانج و بۆ ئەو مەبەستە پێویستە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ لایەنەكاندا هەبێت.
سەبارەت بە هەڕەشەكانی تیرۆر بۆ سەر هەرێمی كوردستانیش وەزیری بەرگریی عێراق ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان و هەولێر شوێنێكی ئارامە و نموونەیەكە بۆ بەشەكانی دیكەی عێراق و نیگەرانیی خۆیشی نیشان دا لە بوونی هەر جۆرە هەڕەشەیەك لە دژی هەرێمی كوردستان و هەروەها هەڵوێستی هەرێمی كوردستانی لە دژی تیرۆر بە قارەمانانە وەسف كرد.




