٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: ڕێ نادەین تیرۆر پێوەندی ئێمە و عەرەب تێک بدەن.. هاتنی وەزیری دەرەوە فەڕەنسا پەیامێکی بەهێزە

سەرچاوە: KDP.info
پێشوازيي سەرۆک بارزاني لە وەزيري دەرەوەي فەڕەنسا. ئەمڕۆ

هەولێر-KDP.INFO-  (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند، بە هیچ جۆرێک ڕێ نادەین تیرۆریستان پێوەندیی مێژینە و دۆستانەی نێوان کورد و عەرەب تێک بدەن، هاوکات کوردستانیانی دڵنیا کردنەوە کە، سەرکەوتن بۆ گەلی کوردستانە، بەڵام بەردەوامیی سەرکەوتن پێویستمان بە هاوکاری و پشتیوانیی وڵاتانی ئەورووپایی هەیە لە دابینکردنی چەک و پێداویستیی سەربازی و گەیشتنی بە دەستی پێشمەرگە.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە هەولێر ساز درا،(سەرۆک بارزانی) دووپاتی کردەوە کە، "پشتیوانیی وڵاتانی دۆستی وەک فەڕەنسا و هاتنی وەزیری دەرەوە پەیامێکی بەهێزە، چونکە فەڕەنسا وڵاتێکی گەورە و بەهێزە لەسەر ئاستی جیهان."

(سەرۆک بارزانی) دەربارەی بەرەنگاربوونەوە و شەڕی تیرۆر کە لە ئێستادا بەرپا بووە، ڕایگەیاند، "سەرەتا بە پشتوانیی هێزەکانی پێشمەرگە و بڕوابوون بە ئازادی، تیرۆریستان تێک دەشکێنین و لەسەر باوەڕیمان بە پرەنسیپەکانی پێکەوەژیان، لێبووردەیی و فرەیی بەردەوام دەبین، چییش پێویست بێ لە پێناوی بەرجەستەکردنیدا دەیکەین."

(بارزانی)، دووپاتیشی کردەوە "ئێمە شەڕی دەوڵەتێکی تیرۆریستی دەکەین کە باشترین و بەهێزتر و پێشکەوتووترین چەکی پێیە و هەرگیز بە هیی پێشمەرگە بەراورد ناکرێن، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەنە بەرگریی دەکەن و ڕایانگرتوون و نەیانهێشتووە پێشڕەوی بکەن."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاوکات داوای کرد، "داوا لە دۆستانمان ناکەین کوڕەکانیان بنێرن و لێرە شەڕ بکەن، چونکە ئەمە شەڕی ئێمەیە، بەڵام داوایان لێ دەکەین لە ڕووی چەکەوە هاوکارمان بن و پشتیوانیی ئاسمانییش لە کاتی پێویستدا بۆ ئێمە گرینگە."

هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا (سەرۆک بارزانی) گوتی، "بە پێویستی دەزانم سوپاسی (سەرۆک ئۆباما) و (سەۆک هۆلاند) بکەم کە دۆستانە پشتیوانمانن و سوپاسی هەموو ئەو دەوڵەتانەیش دەیکەین کە هاوکارییان کردووین"، ئاماژەیشی دا "دەبێ کورد دڵنیا بێت کە دۆستی باشمان هەن بۆیە سەرکەوتن هەر بۆ ئێمەیە."

زیاتر گوتی، "لە هەرێمی کوردستاندا، خەڵکی کوردستان لەگەڵ تەواوی پێکهاتەکانی دیکەدا(مەسیحی، تورکمان)  پێکەوە دەژین و دەستبەرداریان نابین. ڕێگەیش نادەین تێرۆریستان پێوەندی کورد و عەرەب تێک بدەن."

لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا(لۆرانت فێیبیس)، ڕایگەیاند، "هاتنی ئێمە، پەیامی فەڕەنسایە بۆ گەلی عێراق و بە تایبەت بۆ گەلی هەرێمی کوردستان.  ئەو هاوکاریانەیشمان بۆ ڕاگەیاندنی پشتیوانیمانە بۆ ئێوە، بێگومان ئەو پشتیوانییەیش لە داهاتوویشدا بەردەوام دەبێت. پیشنیازییش دەکەم هاوڕێ ئەورووپاییەکانم، هەوڵ بدەن پردێکی ئاسمانی دروست بکەن بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەت، چونکە ئەوان لە دۆخێکدان کە پێویستییان بەو هاوکارییانە هەیە."

(لۆرانت فێیبیس) هاوکات گوتی، "ئەو شەڕەی ئێوە کە لەگەڵ تیرۆرستانە، بە هیی خۆمان دەزانین، چونکە لە پێناو ئازادییە، بۆیە ئاساییە کە فەڕەنسا کە وڵاتی ئازادییەکانە، لە پاڵ ئێوە بێت."

زیاتر گوتی، "هاوڕێکانمان لە هەرێمی کوردستان، دەبێ ئەوەی پێویستیانەیان پێ بگات کە گرینگە بۆیان، تا بەرەوڕووی ئەو هەڕەشەیە بننەوە کە بەرۆکی گرتوون."

وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا دەڵێت، "سەردانی نوێنەرانی فەرەنسا لە هەولێر و هەروەها مەسیحی و ئێزدییەکان دەکەم و ڕاپۆرتی خۆم لەبارەی دۆخی ئێرە بۆ وڵاتەکەم دەبەمەوە."

 

سەرکەوت حەسەن

هەواڵی پەیوەندیدار