٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: ڕەوتاری هەندێ گوندنشین و هۆزی عەرەب دوور لە چاوەڕوانیی ئێمە بوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  (سەرۆک بارزانی) بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و شاندی یاوەری ڕاگەیاند، "ئەو ڕەوتارەی لە لایەن هەندێ گوندنشین و هۆزی عەرەبی لە شنگال و ڕۆژهەڵاتی مووسڵ لە دژی پێشمەرگە و كوردانی ئێزدی بینرا جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە و دوور بوو لە چاوەڕوانیی ئێمە و ترسی ئەوە هەیە كە تیرۆریستان لەوەدا سەر بكەون كە دوژمنایەتیی نێوان كورد و عەرەب دروست بكەن." پەیوەست بە ئەو عەرەبە ئاوارانەیشی پەنایان بۆ كوردستان هێناوە، ڕایگەیاند كە گەلی كوردستان دەستبەرداری ڕەوشتی بەرزی خۆی نابێت و پەناگەی هەموو ستەملێكراو و لێقەوماوانە و ئاساییشی ئاوارەكان پارێزراو دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە لە سەڵاحەددین سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)  پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق(سەلیم ئەلجبووری) شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون ژمارەیەك پارلەمانتاری عێراقی.

لە دیدارێكدا سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندی یاوەری پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان لە دژی داعش و تیرۆریستان و بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانەیان كرد كە لە لایەن تیرۆریستانەوە دەرهەق خەڵكی شنگال و دەرووبەری ئەنجام دراوە. 

سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سوپاسی (سەرۆك بارزانی) و گەلی كوردستانیشی كرد كە پەناگەیان بۆ ئاوارەكان و ئازادیخوازان و پێكهاتەكانی عێراق لە كوردستان دروست كردووە و ئەوەیشی ڕوون كردەوە كە داعش بە هیچ شێوەیەك نوێنەرایەتی خەڵكی عەرەب و سوننە ناكات و تەنانەت ژمارەیەكی زۆری عەرەب لە زوڵمی داعش ماڵ و حاڵ و موڵكی خۆیان جێ هێشتووە و پەنایان بۆ كوردستان هێناوە ئەوان كۆمەڵێك تاوانبارن كە ئامانجیان تێكدانی ژیانی خەڵك و برایەتی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی عێراقە. نوێنەرانی پارێزگا سوننەنشینەكانی عێراقی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بە (سەرۆك بارزانی)-یان ڕاگەیاند كە ئەو ئاوارە عەرەبانەی لە كوردستاندا نیشتەجێن ئامادەن بۆ ئەوەی شانبەشانی هێزەكانی پێشمەرگە شەڕی دژی داعش بكەن و ناوچەكانیان ئازاد بكەنەوە.

لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سەبارەت بە ڕووداوەكانی ئەم دوایە و پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان ڕایگەیاند گەلی كوردستان سەرباری ئەوەی كارەساتی گەورەی ئەنفال و كیمیابارانی بەسەردا هاتووە، بەڵام هیچ كات نەیویست برایەتی و پێكەوەژیانی لەگەڵ عەرەبەكان تێك بچێت و یارمەتیی ئەو عەرەب و هەموو پێكهاتەكانی دیكەی دا كە لە ناوچەكەدا دەژییان. گەلی كوردستان هەمیشە شەڕی حكوومەتە زاڵمەكانی كردووە و هەرگیز لە دژی نەتەوە و خەڵكی مەدەنی نەبووە.

(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی دا كە ئەو ڕەوتارەی لە لایەن هەندێ گوندنشین و هۆزی عەرەبی لە شنگال و ڕۆژهەڵاتی مووسڵ لە دژی پێشمەرگە و كوردانی ئێزدی بینرا جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە و دوور بوو لە چاوەڕوانیی ئێمە و ترسی ئەوە هەیە كە تیرۆریستان لەوەدا سەر بكەون كە دوژمنایەتیی نێوان كورد و عەرەب دروست بكەن. پەیوەست بە ئەو عەرەبە ئاوارانەی پەنایان بۆ كوردستان هێناوە (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند كە گەلی كوردستان دەستبەرداری ڕەوشتی بەرزی خۆی نابێت و پەناگەی هەموو ستەملێكراو و لێقەوماوانە و ئاساییشی ئاوارەكان پارێزراو دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار