٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: شەڕ لەگەڵ دەوڵەتێكی تیرۆریستیی پڕچەك دەكەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  (سەرۆک بارزانی) لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراقدا، بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی هەرێمی كوردستان و مەترسی و هەڕەشەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عێراقیان خستە بەرباس و، (سەرۆك بارزانی) دووپاتی کردەوە "ئێمە ڕووبەڕووی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی نین، بەڵكو شەڕ لەگەڵ دەوڵەتێكی تیرۆریستیی پڕچەك دەكەین كە دژی هەموو جۆرە پڕەنسیپێكی مرۆڤییە."

 

ئەمڕۆ شەممە، لە سەڵاحەددین سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، پێشوازی لە سەرۆككۆماری عێرا(د. فواد مەعسووم) كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەخێرهاتنی سەرۆككۆماری عێراقی كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەركەكانی بۆ خواست و پشتیوانیی خۆیشی بۆ سەرۆككۆماری عێراقی كە نوێنەری هەڵبژێردراوی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانە ڕاگەیاند.

لەبەرانبەردا سەرۆككۆماری عێراق سوپاسی پێشوازیی گەرمی (سەرۆك بارزانی) كرد و جەختی لەوە كردەوە كە كار لەسەر نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق دەكات و پەرۆشە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان.

لەم دانیشتنەدا بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی هەرێمی كوردستان و مەترسی و هەڕەشەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عێراق خرایە بەرباس و هەردوو لا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە لەپێناو پاراستنی ئەزموونی دیموكراسیی هەرێمی كوردستان و عێراق پێویستە گشتە لایەك هەموو تواناییە مرۆڤی و سیاسییەكانیان بخەنەگەڕ چونكە داعش مەترسییەكی گشتگیرە بۆ سەر كوردستان و عێراق و هەموو ناوچەكە و جیهان. پەیوەست بەم باسەوە (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بەوەدا كە "ئێمە ڕووبەڕووی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی نین، بەڵكو شەڕ لەگەڵ دەوڵەتێكی تیرۆریستیی پڕچەك دەكەین كە دژی هەموو جۆرە پڕەنسیپێكی مرۆڤییە."

لە كۆبوونەوەكەدا هەڵوێستی ئەمەریكا و ئەورووپا و وڵاتانی ئیقلیمی لە دژایەتیكردنی داعش و پاراستنی هەرێمی كوردستان بەرز نرخێندرا.

پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی ئاییندەی عێراق تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەی نێوان (سەرۆك بارزانی) و سەرۆككۆماری عێراق بوو.

 

هەواڵی پەیوەندیدار