پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە.. یەكڕیزیی نیشتیمانی و نەتەوەیی بپارێزن

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
جەماوەری سەربەرزی كوردستان
گەلی كوردستان لەسەر كولتووری ئایینپارێزی و فرەئایینی و پێكەوەژیان ڕاهاتووە و تەعەدای لە كەس نەكردووە و بە درێژایی مێژوو تەنیا بەرگریی لەخۆی كردووە. بەڵام دوژمنان وازیان نەهێنا و هەر جارە و بەشێوەیەك دەیانەوێ زیان بە گەلەكەمان بگەیەنن. لە دوای ڕوووداوەكانی مووسڵ كوردستان تەنیا بەرگریی لە خۆی كرد، بەڵام تیرۆریستان كەوتنە شەڕفرۆشتن و پەلاماردانی كوردستان و ڕووداوە ناخۆشەكانی ئەو چەند ڕۆژەی ڕابردووی لێ كەوتەوە. بۆیە بڕیارمان دا لە دۆخی بەرگری بێینەدەر و هەتا دوایین هەناسە شەڕی تیرۆریستان بكەین. فەرمانمان بە هێزەكانی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە بە هەموو توانایەك پەلاماری تیرۆریستان و دوژمنانی خاك و خەڵكی كوردستان بدەن.
ڕووداوەكانی ئەم دواییەی دەڤەری زوممار و شنگال و ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزیدیەكانمان هاتووە دڵتەزێنە و گەلی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە دەستبەرداری بستێك لە خاكی كوردستان نابین و شنگال و خوشك و برا ئێزیدییەكانمان وەك گلێنەی چاومان دەپارێزن و چیای شنگال بە خۆڕاگری و سەركەشی دەمێنێتەوە. ئەو بەشە ئازیز و ڕەسەنەی گەلەكەمان هەر سەربەرزە و ئەركی تاك تاكی ئێمەیە شكۆیەكەی بپارێزین.
تیرۆر پرسێكی جیهانییە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵێكی نێودەوڵەتی پێویستە. چەندین ساڵە كوردستان قوربانیی هەڕەشەی تیرۆر و تیرۆریستان بووە و جێگەی داخە كە ئێمە تەنیا بووین و كەس یارمەتیی گەلی كوردستانی نەداوە لە دژی تیرۆر بەرگری لە خۆی بكات. لەگەڵ ئەوەیشدا لەشەڕی تیرۆر و شەڕانگێزیدا پشتمان بە گەلی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە و دەزگە ئەمنییەكانی كوردستان بەستووە و هەمیشەیش پابەندی بنەماكانی ئازادیخوازی و كولتووری ڕەسەنی پێكەوەژیان و لێبووردەیی كوردستانی بووین و ئەوە خاڵی بەهێزی سەركەوتنمانە بەسەر دوژمن و دڵڕەش و تیرۆریستاندا.
لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە ڕۆڵە قارەمانەكانمان هێرشیان بۆ سەر تیرۆریستان دەست پێ كردووە و لە پێشڕەوییدان. داوا لە خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان و میدیا كوردستانییەكان دەكەم بە ورەی بەرز و بەوپەڕی چاوكراوەیی و هەست بە بەرپرسیارێتی مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن و زیاتر لە هەر كاتێك یەكڕیزیی نیشتیمانی و نەتەوەیی بپارێزن. پێشمەرگە قارەمانەكانیش لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە گەلی كوردستان بە هەموو توانایەك پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەن و چاویان لە ورەی پۆڵایین و گیانفیدایی و قارەمانێتیی ئێوەی سەربەرزە.
لە كۆتاییدا سوپاسی خۆڕاگریی هەموو خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزە خۆبەخشەكان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەكەم و لەوە دڵنیا بن كە ئاییندەیەكی گەش چاوەڕوانی گەلی كوردستانە.
بژی كوردستان
نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی
مەسعوود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
4ـی 8ـی 2014




