سەرۆك بارزانی: بە ڕۆح و گیان بەرگری لە خاك و كەرامەتی خوشك و برایانی ئێزدی دەكەین

هەولێر-KDP.INFO- (سەرۆك بارزانی) بە (بابێ شێخی ئێزدیان) و شاندێكی یاوەری ڕاگەیاند، "بە ڕۆح و بە گیان ئامادەین بەرگری لە خاك و كەرامەتی خوشك و برایانی ئێزدی بكەین و ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ یارمەتیدان و ڕزگاركردنی ئاوارەكان و ئازادكردنی خاكی كوردستان لە دەستی تیرۆریستان دەیكەین."
ئەمڕۆ دووشەممە 4ـی 8ـی 2014 سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، پێشوازی لە (بابێ شێخی ئێزدیان) و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە كەسایەتی و سەرۆك هۆزەكانی ئێزدی و دەڤەری شەنگال.
لە دانیشتنێكدا بارودۆخی ناوچەكانی شنگال و زوممار و دۆخی نالەباری ئاوارەكانی شاری شنگال خرایە بەر باس و، (بابێ شێخی ئێزدیان) داوای لە (سەرۆك بارزانی) كرد كە هەموو هەوڵێكی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی چارەیەك بۆ ئەو كارەساتەی بەسەر ئێزدییەكان و خەڵكی ناوچەی شنگال هاتووە بدۆزرێتەوە و هەروەها دەرگا بۆ خەڵكی دەڤەرەكە بكرێتەوە بۆ ئەوەی شانبەشانی هێزەكانی پێشمەرگە شەڕی تیرۆریستان بكەن و دەڤەرەكەیان لە تیرۆریستان پاك بكرێتەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) نیگەرانی و هاوخەمیی قووڵی خۆی نیشان دا بەرانبەر ئەو كارەساتەی بەسەر خوشك و برا ئێزدییەكان هاتووە و ئاماژەی بەوەدا كە قەدەری گەلی كورد ئەوە بووە كە هەمیشە دوژمنی دڵڕەق و بێویژدانی هەبووە و كارەسات لە دوای كارەسات بەرۆكی گەلی كوردستان دەگرێتەوە. سەرباری هەموو ئەو كارەساتانە گەلی كوردستان خۆی بە دەستەوە نەداوە. (سەرۆك بارزانی) بە شاندی میوانی ڕاگەیاند "بە ڕۆح و بە گیان ئامادەین بەرگری لە خاك و كەرامەتی خوشك و برایانی ئێزدی بكەین و ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ یارمەتیدان و ڕزگاركردنی ئاوارەكان و ئازادكردنی خاكی كوردستان لە دەستی تیرۆریستان دەیكەین."
(سەرۆك بارزانی) ئاماژەی بە ڕەسەنایەتیی كوردانی ئێزیدی دا و ڕایگەیاند كە "هیچ دوژمنێك ناتوانێ كوردانی ئێزیدی لەناو ببات و سوورین لەسەر پاراستنی ئێزیدییەكان و گەڕاندنەوە ئازادكردنی هەموو بستێكی دەڤەری شنگال." (سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی خستەڕوو كە لەگەڵ لایەنە عێراقی و نێودەوڵەتییەكان لە پەیوەندیی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی بە زووترین كات چارەسەرێكی بەپەلە بۆ ئەو ئاوارانە بدۆزرێتەوە كە پەنایان بۆ چیای شنگال بردووە و لە بارودۆخی خەراپ دان.
(سەرۆك بارزانی) لەبارەی شەڕی تیرۆریستانیش ڕایگەیاند ماوەی دوو مانگە هێزی پێشمەرگە بە تەنیا و بە توانایەکی سادەوە، بەرگری لە كوردستان دەكات و حكوومەتی عێراقی و هێزە نێودەوڵەتییەكانیش یارمەتیی گەلی كوردستانیان نەداوە بۆ ئەوەی شەڕی تیرۆر بكات و تەنانەت ڕێگریش بوونە لەوەی گەلی كورد چەك بۆ خۆی دابین بكات بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بكات.
لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنەدا قسە لەبارەی هۆكارەكانی ئەو بارودۆخە كرا كە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی دەڤەری شنگال هاتووەتە ئاراوە و (سەرۆك بارزانی) دووپاتی ئەوەی كردەوە كە نابێ هیچ بواری هیچ كەمتەرخەمی و كەموكوڕییەك بمێنێت و ئەوانەی كەمتەرخەم بوونە لە بەرگریكردن و پاراستنی خەڵك لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.




