٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

هێزەكانی پێشمەرگەی لە گەرمیان، جەلەولا و سەعدییە بەسەر کردەوە.. بارزانی: ناكرێ چاوەڕێی چارەنووسێكی نادیار بكەین

سەرچاوە: KDP.info
سەرۆک بارزاني هێزەكاني پێشمەرگەي لە گەرميان، جەلەولا و سەعدييە بەسەر کردەوە. ئەمڕۆ

خانەقین-KDP.INFO-  (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند زۆر هەوڵمان دا عێراقی دیموكراتی دروست ببێت، بەڵام لایەنەكانی دی نەیانویست دیموكراسی لە عێراقدا سەر بگرێت و عێراق بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە.. زیاتر گوتی "بە ڕاشكاوی دەڵێین كە لەوە زیاتر هیچمان پێ ناكرێت و ئەوەی لە دەستمان هاتووە بۆ عێراق كردوومانە و ناكرێ چاوەڕێی چارەنووسێكی نادیار بكەین." دووپاتیشی كردەوە كە هەرێمی كوردستان لەسەر دوو ڕێڕەو كار دەكات، یەكیان ئەوەیە كە یارمەتیی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بدات و ئەوەی تریان كاركردنە بۆ پیادەكردنی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی كوردستان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ـی 7ـی 2014، لە درێژەی بەسەركردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) بە یاوەریی ژمارەیەك لە بەرپرسە سەربازی و ئەمنییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوە و بارودۆخی هێزەكانی پێشمەرگە سەردانی میحوەری گەرمیان، جەلەولا و سەعدییەی كرد.

هەر لەم بەسەركردنەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) لە یەكێك لە بارەگاكانی هێزی پێشمەرگە لەم میحوەرەدا وتەیەكی بۆ ژمارەیەك پێشمەرگە پێشكەش كرد. تێیدا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی خۆڕاگری و ماندووبوونی پێشمەرگەی كرد و پیرۆزبایی جەژنی لێ كردن و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی لە دابینكردنی ئاساییش و ئارامی لە كوردستان بەرز نرخاند و ڕایگەیاند لە سایەی ماندووبوونی پێشمەرگە گەلی كوردستان لە ئارامیدا دەژیێت و ملیۆنێك و دووسەدهەزار ئاوارەیش لە كوردستاندا لەو ئارامییەدا نیشتەجێن.

(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی خستەڕوو كە سەرەڕای ئەوەی گوشارێكی زۆر لەسەر پێشمەرگەیە، بەڵام خۆڕاگری و قارەمانێتیی پێشمەرگە ڕێگەی لەوە گرت تیرۆریستان لە خاكی كوردستاندا پێشڕەوی بكەن. هەر لەبارەی ئەرك و ڕۆڵی پێشمەرگە لە ژیانی گەلی كورد (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند ئەركی پێشمەرگە قورس و مێژووییە و پێشمەرگە پێش مەرگ دەكەوێت بۆ ئەوەی ژیان بۆ گەلەكەی دابین بكات و بوونی پێشمەرگە مانای بوون و مانەوەی كوردستان دەدات.

سەبارەت بەو گلەییانەی لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە لەبارەی هاتنی پێشمەرگە بۆ ئەم ناوچانە دەكرێت، (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی دا دەبێ پرسیار لەوانە بكرێت كە ئەگەر پێشمەرگە نەبا چیی ڕووی دەدا و ئەو ناوچانە لە دەستی كێدا دەبوون؟

لەدرێژەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) باسی شۆڕشی ئەیلوول و ڕاپەڕینی گەلی كوردستانی كرد و هێمای بەوەدا كە، هەر لە شۆڕشی ئەیلوولەوە دروشمی گەلی كوردستان دیموكراسی بۆ عێراق بووە و لە ڕاپەڕینەدا دوو فەیلەقی سوپای عێراقی كە كوردستانی وێران كردبوو كەوتە دەستی خەڵكی كوردستان، بەڵام یەك سەربازی عێراقی ئازاری پێ نەگەییشت و ئەوە بەرزترین ڕەوشت بوو كە گەلی كورد بۆ دیموكراسیخوازی و پێكەوەژیان نیشانی دا و لە دوای ڕووخانی ڕژێمیش هەوڵمان دا عێراقی دیموكراتی دروست ببێت، بەڵام لایەنەكانی دی نەیانویست دیموكراسی لە عێراقدا سەر بگرێت و عێراق بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە.. "بە ڕاشكاوی دەڵێین كە لەوە زیاتر هیچمان پێ ناكرێت و ئەوەی لە دەستمان هاتووە بۆ عێراق كردوومانە و ناكرێ چاوەڕێی چارەنووسێكی نادیار بكەین."

 هەر پەیوەست بەم باسەوە (سەرۆك بارزانی) ئەوەی دووپات كردەوە كە هەرێمی كوردستان لەسەر دوو ڕێڕەو كار دەكات، یەكیان ئەوەیە كە یارمەتیی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بدات و ئەوەی تریان كاركردنە بۆ پیادەكردنی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی كوردستان.

(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا باسی ڕەوشی پێشمەرگەی كرد و ئەوەی خستەڕوو كە ڕەوشی پێشمەرگە باشتر دەبێ و چەكی باشیان دەخرێتە بەردەست و جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە لە هەموو دۆخ و ئەگەرێكدا وریا و ئامادە بین. (سەرۆك بارزانی) سوپاسی گیانفیدایی و خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگەی كرد و سڵاویشی بۆ گیانی پاكی شەهیدان نارد بە تایبەت ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕی تیرۆریستاندا شەهید بوونە و هیوای چاكبوونەوەیشی بۆ برینداران خواست. 

هەواڵی پەیوەندیدار