٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: ناتوانین چاوەڕێی داهاتوویەکی نادیار بكەین.. بان کی موون: پێشمەرگە زۆر دلێرانە كەمینەكانیان پاراستوون

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.INFO-  لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) ڕایگەیاند، بۆ هاوكاریكردنی عێراقییەکان هەرچی لە توانایاندا بێت دەیكەن، بەڵام گوتیشی کە ناتوانن چاوەڕێی داهاتوویەکی نادیار بكەن.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) و سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان(بان كی موون) دوای كۆبوونەوەیان لە شاری هەولێر، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ساز دا و تێیدا (سەرۆک بارزانی) رایگەیاند، "دووەمجارە (بان كی موون) لەمساڵدا سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، كە لە دوای سەردانی یەكەمی گۆڕانكاری زۆر بەسەر ناوچەكەدا هاتوون و دەرفەتێكی باش بوو گۆڕانكارییەكان تاوتوو بكەین."
(سەرۆک بارزانی) هاوکات ڕایگەیاند: "بۆ (بان كی موون جەختم كردەوە كە هەرچی لە تواناماندا بێت دەیكەن بۆ هاوكاریكردنی برایانمان لە عێراق، بەڵام هاوكات بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی گەلی كورد بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات و ناتوانین چاوەڕێی داهاتوویەکی نادیار بكەین."

 ئاماژەیشی دا كە، هاتنی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان هاندەر دەبێت بۆ ئەوەی لایەنەكان رێگەچارەیەكی گونجاو بۆ كێشەكان بدۆزنەوە، كە ئومێد دەكەن بە زووترین كات رێگەچارەكە بدۆزرێتەوە.
لای خۆیەوە سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی دا کە، كۆبوونەوەیەكی بەرهەمداریان لەگەڵ (سەرۆک بارزانی)-دا هەبووە. نیگەرانیی خۆیشی لە دۆخی ئەمنیی عێراق دەربڕی و گوتی رێكخراوی داعش یاسا نیودەوڵەتییەكانی پێشێل كردوون. گوتیشی پێشمەرگە زۆر دلێرانە كەمینەكانیان پاراستوون.
(بان كی موون) سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عێراقیش رایگەیاند، "پیرۆزبایی لە (د. فوئاد مەعسووم) دەكەین بە هەڵبژاردنی بۆ ئەو پۆستە و، نەتەوە یەكگرتووەكان پشتیوانی لە سەرۆككۆماری عێراق دەكات." لەبارەی رەوشی ئاوارەكانیشەوە گوتی: "(سەرۆک بارزانی) و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كارئاسانی زۆریان بۆ ئاوارەكان كردووە." 
(موون) لە چوارچێوەی گەڕێكی بۆ میسر و كوێت،ئەمڕۆ پێنجشەممە، به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ شارى به‌غداى پایته‌ختى عێراق و لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق(نووری مالیكی)-دا كۆ بووەوە. هەر ئەمڕۆ و بۆ یەكەمجاریش سەردانی گەورەمەرجەعی شیعەكانی عێراق(عەلی سیستانی) لە نەجەف کرد.

هەواڵی پەیوەندیدار