سەرۆک بارزانی سەردانی سەرۆک تاڵەبانی کرد

سلێمانی-KDP.INFO- ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی 7ـی 2014 سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی)، بە هاوڕێیەتیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی) لە شاری سلێمانی و لە شوێنی حەوانەوەی (سەرۆك مام جەلال)، بە مەبەستی بەخێرهێنانەوە و هەواڵپرسین سەردانی (سەرۆك مام جەلال)-ی كرد و لە نزیكەوە لە تەندروستیی بەڕێزیانی پرسی.
19-ی ئەم مانگە و بە بۆنەی گەڕانەوەی، (سەرۆک بارزانی) لە پەیامێکیدا ڕاگەیاند، هەواڵی گەڕانەوەی برای بەڕێزم جەنابی مام جەلال بۆ كوردستان زۆر خۆشحاڵی كردم و هیوادارم خودای گەورە شیفای تەواوی بدات. نەخۆشیی بەڕێزیان كەلێنێكی گەورەی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و كوردستان بەجێ هێشتبوو. بە دڵنیاییەوە گەڕانەوەی جەنابی دەبێتە هۆی پتەوتربوونی یەكڕیزی و برایەتیی زیاتری نێوان نێو هێزە كوردستانییەكان بە تایبەت كە گەلەكەمان بە قۆناغێكی هەستیار و یەكلاییكەرەوەدا تێدەپەڕێت.
هاوکات سەرۆكوهزیرانى ههرێمى كوردستان(نێچیرڤان بارزانی)، لە پەیامێكدا پیرۆزباییی گەڕانەوەی (سهرۆك مام جەلال) لە گەلی كوردستان کرد و ڕایگەیاند ڕۆڵى جهنابیان لە ژیانی سیاسیی كوردستان و عێراقدا ڕۆڵێكی مێژوویی بووە و ڕۆژی گەڕانەوەیشی بۆ وڵات ڕۆژێكی مێژوویی یە بۆ گەلی كوردستان.




