سەرۆك بارزانی: بە هۆی سیاسەتی ناڕەوای دیكتاتۆرەكان، بەها مرۆییەكان و كەرامەتی ئینسان پێشێل كراوە

پیرمام-KDP.INFO- لە كۆبوونەیدا لەگەڵ كۆمسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، سەرۆك(بارزانی) ڕایگەیاند: " ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان گرینگە یارمەتیدانی ئاوارەكانە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای ئایینی و نەتەوەیی ئاوارەكان و ئەوەی بە لای خەڵكی كوردستانەوە جێگەی بایەخە، بەها مرۆییەكان و كەرامەتی ئینسانە كە بەداخەوە بە هۆی سیاسەتی ناڕەوای دیكتاتۆرەكان پێشێل كراوە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار كەس لە سووریا و عێراقدا."
سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی 7ـی 2014 لە سەڵاحەدین پێشوازی لە كۆمسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (ئانتۆنیۆ گۆتێرز) و شاندێكی یاوەری كرد.
لە سەرەتای دیدارەكەدا كۆمسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و سوپاسی ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) و حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ یارمەتیدان و پێشوازیكردن لەو ژمارە زۆرەی پەنابەری سووریایی و ناوخۆی عێراق كە بە هۆی شەڕ و نەبوونی سەقامگیری و ئاساییشەوە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
هەر پەیوەست بەم باسە كۆمسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگاداری هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان بێت لە یارمەتیدانی خەڵكی ئاوارە و لێقەوماو و هێمایشی بۆ ئەوە كرد كە هەرچەندە بەغدا بە هۆی بڕینی بودجەی هەرێمەوە بەربەستێكی گەورەی بۆ هەرێم دروست كردووە و گوشارێكی زۆر لەسەر كوردستانە، بەڵام ئەوەی هەرێمی كوردستان لە یارمەتیدان و حەواندنەوەی ئاوارەكان كردوویەتی جێگەی ڕێز و پێزانینێكی زۆرە و ئامادەیی خۆیشیانی ڕاگەیاند بۆ ئەوەی بە هەموو توانەیەك یارمەتیی حكوومەتی هەرێم بدەن و وڵاتانی جیهانیش لەم بەخشندەییەی هەرێمی كوردستان ئاگادار بكەنەوە و هانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش دەدەن كە یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن.
(ئانتۆنیۆ گۆتێرز) لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی دا كە هەرێمی كوردستان پێگە و ناوبانگێكی زۆر باشی لە ناوەندە جیهانییەكاندا بە دەست هێناوە و یەكێكە لە سەقامگیرترین شوێنەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگەی ئومێدی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانە.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هەڵوێستی كۆمسیاری باڵای پەنابەرانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیشی كرد لەوەی كە بە باشی لە ڕۆڵی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان لە یارمەتیدانی ئاوارەكان گەییشتووە و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان لە هەموو دۆخێكدا ئامادەیە یارمەتیی خەڵكی ئاوارە بدات و لەو بابەتەدا ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان گرینگە یارمەتیدانی ئاوارەكانە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای ئایینی و نەتەوەیی ئاوارەكان و ئەوەی بە لای خەڵكی كوردستانەوە جێگەی بایەخە، بەها مرۆییەكان و كەرامەتی ئینسانە كە بەداخەوە بە هۆی سیاسەتی ناڕەوای دیكتاتۆرەكان پێشێل كراوە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار كەس لە سووریا و عێراقدا و شاندی میوانیشی لەوە دڵنیا كردەوە كە دەرگە و سنوور و دڵی خەڵكی كوردستان بەڕووی هەموو مرۆڤێكی ئاوارە و لێقەوماودا كراوەیە.
باسكردنی ڕووداوەكانی مووسڵ و هەڕەشەی تیرۆریستان و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و بارودۆخی ئەمنیی ئەو وڵاتە، تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.




