سەرۆك بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتی و سیاسەتمەداری عێراقی کۆ بووەوە

هەولێر-KDP.info- لە دیداریاندا لەگەڵ (سەرۆك بارزانی)، ژمارەیەك كەسایەتی و سیاسەتمەدار و پارلەمانتاری عێراقی، وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) لە خەبات دژی دیكتاتۆرییەت و بنیاتنانی عێراقی نوێ و پڕۆسەی دیموكراسی و دەستووریی عێراق، هیوایان خواست كە ئەو سەردانەیان ببێتە هۆی ڕەواندنەوەی ئەو گومانانەی كە بە هۆی شێواندنی ڕاستییەكان و شەڕی ڕاگەیاندن لەنێوان هەرێم و بەغدا هاتووەتە كایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی 7ـی 2014 سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە ژمارەیەك كەسایەتی و سیاسەتمەدار و پارلەمانتاری عێراقی كرد.
لە دیدارێكدا شاندی میوان سوپاسی (سەرۆك بارزانی)ـیان كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) لە خەبات دژی دیكتاتۆرییەت و بنیاتنانی عێراقی نوێ و پڕۆسەی دیموكراسی و دەستووریی عێراق، هیوایان خواست كە ئەو سەردانەیان ببێتە هۆی ڕەواندنەوەی ئەو گومانانەی كە بە هۆی شێواندنی ڕاستییەكان و شەڕی ڕاگەیاندن لەنێوان هەرێم و بەغدا هاتووەتە كایەوە.
شاندی میوان هاوکات نیگەرانیی قووڵی خۆیشی نیشان دا بەرانبەر بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و هەروەها دروستبوونی هەڕەشەی جیددی كە ژیانی برایانەی پێكهاتەكانی عێراقی كردووەتە ئامانج.
لەم دانیشتنەدا زۆر ڕاشكاوانە قسە لەبارەی هۆكاری قەیرانی چەندساڵەی عێراق و ڕووداوەكانی مووسڵ و كەمتەرخەمیی دەستەڵاتدارانی بەغدا و ئیدارەدانی هەڵەی كاروباری سیاسی و هەروەها پێویستیی گۆڕانكاری لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا كرا و، سەركۆنەی ئەم هەوڵانەیش كرا كە كار لەسەر گومڕاكردن و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتیی عێراق دەكەن كە بووەتە هۆی دروستبوونی درز لەنێو پێكهاتە ڕەسەنەكانی عێراق و بە پێویست زانرا كە هەموو لایەك كار لەسەر دەرخستنی ڕاستییەكان و وەستانەوە لە دژی دەمارگیریی نەتەوەیی و تاییفی بكەن.




