٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: تاهەتایە لە نێو ئاگری توندڕۆیی و خۆسەپاندنی دەستەڵاتدارانی بەغدادا نامێنینەوە

سەرچاوە: KDP.info
(سەرۆک بارزاني) پێشوازي لە ياريدەدەري سكرتێري ئەنجوومەني ئاساييشي نەتەوەيي كۆماري ئيسلاميي ئێران(دكتۆر ڕەزا ئەميري موقەدەم) و شاندێكي ياوەري كرد. ئەمڕۆ

بەغدا-تایبەت بە KDP.info- لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ یاریدەدەری سكرتێری ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامیی ئێران، (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند كە، هەرێمی كوردستان ناتوانێ تاهەتایە لەنێو ئاگری توندڕۆیی مەزهەبی و ئیدارەدانی هەڵە و پێشێلكردنی دەستوور و خۆسەپاندنی دەستەڵاتدارانی بەغدادا بمێنێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 15ـی 7ـی 2014 لە سەڵاحەددین سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە یاریدەدەری سكرتێری ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامیی ئێران(دكتۆر ڕەزا ئەمیری موقەدەم) و شاندێكی یاوەری كرد.

 

لە دیدارێكدا یاریدەدەری سكرتێری ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامیی ئێران سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە نیشان دا و ئاماژەی بەوەدا كە پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستان پەیوەندیی مێژوویین و نیگای كۆماری ئیسلامیی بەرانبەر هەرێمی كوردستان نیگایەكی ڕوون و دۆستانەیە و هیوایشی خواست كە قسەی لابەلا و ئەو كەشوهەوایەی لەنێو ڕاگەیاندنەكاندا لەدوای ڕووداوەكانی موسڵ دروست بووە كاریگەری لەسەر پەیوەندیی برایانەی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا نەبێت.

 

هەر لەم دانیشتنەدا یاریدەدەری سكرتێری ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراقی وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق هیوای خواست كە بە زووترین كات كۆتایی بە گرفتەكان بهێندرێت و ئارامی بۆ خەڵكی عێراق بگەڕێتەوە.

 

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژوویی و سیاسییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی و هەرێمی كوردستان دا و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان هەردەم لەگەڵ برایەتی و ئاشتەوایی نێوان پێكهاتەكان و گەلان بووە و سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ڕووداوەكانی مووسڵ و ئەو واقیعەی ئێستا لە عێراقدا هاتووەتە كایەوە بە ڕاشكاوی بۆچوونی هەرێمی كوردستانی خستەڕوو و هۆكاری هەموو ئەو قەیرانەكانی عێراق بۆ بوونی فەرهەنگی خۆسەپاندن و تاكڕۆیی و ئیدارەدانی هەڵەی كاروبارەكان گەڕاندەوە.

 

لە درێژەی قسەكانیدا (سەرۆك بارزانی) وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆر لەسەر عێراق و كوردستان و ناوچەكە ئەوەیشی بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە كە شەش مانگ بەر لە كەوتنی شاری مووسڵ، لەبارەی بوونی هەڕەشەی تیرۆر لەم شارە هۆشداری داوەتە دەستەڵاتدارانی بەغدا، بەڵام بە جیددییان وەرنەگرت و لە دوای شكستیشیان هەوڵیاندا شكستی خۆیان بە تۆمەتباركردنی هەرێمی كوردستان پەردەپۆش بكەن. لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا (سەرۆك بارزانی) هێمای بەوەدا كە هەرێمی كوردستان ناتوانێ تاهەتایە لەنێو ئاگری توندڕۆیی مەزهەبی و ئیدارەدانی هەڵە و پێشێلكردنی دەستوور و خۆسەپاندنی دەستەڵاتدارانی بەغدادا بمێنێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار