٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی بۆ ئەردۆگان: هەرێمی کوردستان، کار لەسەر بنیاتنانی کوردستان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ئانکارا-KDP.info-  لە کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی تورکیادا، دامەزراندنی حكوومەتی تازەی عێراق خرایە بەر باس و (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند كە، هەرێمی كوردستان لەسەر دوو تەوەر كار دەكات، یەكیان بەردەوامبوونە لە پڕۆسەی سیاسیی بەغدا بۆ ئەوەی حكوومەتێك پێك بهێندرێت و، ئەوەی تریشیان كاركردنە لەسەر بنیاتنانی كوردستان و پاراستنی لە هەموو جۆرە هەڕەشەیەك.

 

ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی 7ـی 2014 لە درێژەی سەردانەكەی (سەرۆك بارزانی) بۆ توركیا، سەرۆكوەزیرانی توركیا(ڕەجەب تەییب ئەردۆگان)  لە نووسینگەی فەرمیی سەرۆكایەتیی وەزیرانی توركیا لە شاری ئانكارا پێشوازی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) و شاندی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە وەزیری پێشمەرگە(مستەفا سەید قادر) و وەزیری ناوخۆ(كەریم سنجاری) و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم (فواد حوسێن) و ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان(جەبار یاوەر).

لە دیدارێكدا كە وەزیری دەرەوەی توركیا و وەزیری ناوخۆی ئەم وڵاتە و ژمارەیەك گەورەبەرپرس و ڕاوێژكاری حكوومەتی توركیایش ئامادە بوون، ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی تازەی عێراق و ئەو ئاڵۆزی و قەیرانە گەورەیەی كە بەرۆكی عێراقی گرتووە و، قسە لەسەر ئەوە كرا كە چۆن بتوانرێت كۆتایی بەم قەیرانە بێت و گۆڕانكارییەكی وا لە عێراق بێتە كایەوە كە لە بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی عێراقدا بێت و ئارامی و ئاسوودەیی بۆ خەڵكی عێراق بگەڕێتەوە.

 لە بەشێكی دیكەی ئەم دانیشتنەدا ئاماژە بە هەڕەشەی تیرۆر و ڕەهەندەكانی ئەم هەڕەشەیە لەسەر عێراق و ناوچەكەیش كرا.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا دامەزراندنی حكوومەتی تازەی عێراق خرایە بەر باس و (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند كە، هەرێمی كوردستان لەسەر دوو تەوەر كار دەكات، یەكیان بەردەوامبوونە لە پڕۆسەی سیاسیی بەغدا بۆ ئەوەی حكوومەتێك پێك بهێندرێت و، ئەوەی تریشیان كاركردنە لەسەر بنیاتنانی كوردستان و پاراستنی لە هەموو جۆرە هەڕەشەیەك.

لەو كۆبوونەوەیەدا كە دوو سەعاتی خایاند، باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و چۆنییەتیی فراوانتربوونی كرا و بەشێكی ئەم دیدارە تەرخان كرا بۆ كۆبوونەوەی دووقۆڵیی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكوەزیرانی توركیا.

شایانی باسە لە درێژەی سەردانەكەی (سەرۆك بارزانی) بۆ توركیا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری دەروەی توركیایش كۆ دەبێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار