٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: دەبێ فەرهەنگی دژەدیموكراسی لە عێراقدا نەمێنێت

سەرچاوە: KDP.info
کۆبوونەوەي سەرۆک بارزاني و شاندي ياوەري لەگەڵ سەرۆککۆمار و وەزيراني تورکيا، ئانکارا. ئەمڕۆ

ئانکارا-KDP.info-  (سەرۆك بارزانی) لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، پێوەست بە دۆخی هەنووکەیی عێراق ڕایگەیاند، لە ماوەی شەو و ڕۆژێكدا هەرێمی كوردستان دراوسێیەكی نوێی بۆ پەیدا بوو، هاوکات وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە بارودۆخی تازە واقعێكی زۆر جیاوازی هێناوەتە كایەوە، باسی پێویستیی گۆڕانكاری كرد لە عێراقدا و گوتی، "گۆڕینی كەسەكان كاریگەر نابێت، ئەگەر ئەو فەرهەنگە سیاسییەی لە بەغدا باڵادەستە نەگۆڕدرێت."

ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی 7ـی 2014 دوای گەییشتنی (سەرۆك بارزانی) بۆ ئانكارای پایتەختی توركیا ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆشكی سەرۆكایەتیی توركیا سەرۆككۆماری توركیا(عەبدولا گوول) پێشوازی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) و شاندێكی یاوەری كرد كە پێك هاتبوون لە وەزیری پێشمەرگە(مستەفای سەید قادر) و وەزیری ناوخۆ(كەریم شنگالی) و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم(فواد حوسێن) و ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان(جەبار یاوەر).

لە كۆبوونەوەیەكدا كە وەزیری دەرەوەی توركیا و وەزیری ناوخۆی ئەم وڵاتە و ژمارەیەك گەورە بەرپرس و ڕاوێژكاری حكوومەتی توركیا ئامادە بوون، سەرۆككۆماری توركیا سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی بۆ هاتنی (سەرۆك بارزانی) و شاندی یاوەری بۆ توركیا نیشان دا و بە گەرمی بەخێرهاتنی كردن. سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و بە تایبەت مووسڵ و ناوچەكانی دیكە سەرۆككۆماری توركیا، نیگەرانیی خۆی ڕاگەیاند و جەختی لەوە كردەوە كە عێراق پێویستی بە حكوومەتێكی دیموكراتی و سیستەمێكی فیدڕاڵی هەیە كە مافی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بپارێزێ و هیوایشی خواست كە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و دانیشتنی ڕۆژی سێشەممەی پارلەمانی عێراق سەركەوتوو بێت و حكوومەتی تازە پێك بهێندرێت. هەر لەم دیدارەدا سەرۆككۆماری توركیا پشتیوانیی وڵاتەكەیشی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی سەرۆككۆماری توركیای كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە بەڕێزیان و شاندی یاوەری كراوە و جەختی لەسەر پتەوتركردنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كردەوە. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) بە ڕاشكاوی بارودۆخی تازەی عێراق لە دوای ڕووداوەكانی مووسڵ شیی كردەوە و ڕایگەیاند كە، لە ماوەی شەو و ڕۆژێكدا هەرێمی كوردستان دراوسێیەكی نوێی بۆ پەیدا بوو و وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە بارودۆخی تازە واقعێكی زۆر جیاوازی هێناوەتە كایەوە، باسی پێویستیی گۆڕانكاری كرد لە عێراقدا و ئەوەی خستەڕوو كە گۆڕینی كەسەكان كاریگەر نابێت، ئەگەر ئەو فەرهەنگە سیاسییەی لە بەغدا باڵادەستە نەگۆڕدرێت.

 (سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی خستە بەرچاو كە، هەرێمی كوردستان دە ساڵ هەوڵی دا بۆ ئەوەی دیموكراسی لە عێراقدا بچەسپێت، بەڵام ئەوەی لە عێراقدا ڕوویدا هەر هەمووی دژی ئەو دەستوورە بوو كە خەڵكی عێراق دەنگی پێدابوو و، نموونەی زۆر ڕوونی پێشێلكردنی دەستوور لە لە لایەن بەغداوە بینراو و لە دەستووری عێراقیشدا بە ڕوونی هاتووە كە پابەندبوون بە دەستوور یەكپارچەیی عێراق دەپارێزێت.

 (سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەی ڕوون كردەوە كە، لەگەڵ هەموو ئەو پێشێلكارییانە هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدات كە پڕۆسەی سیاسیی عێراق سەر بگرێت و ئەو سەركەوتنەیش بە دانانی پۆست و دەموچاوی تازە نییە، بەڵكو دەبێ فەرهەنگی دژەدیموكراسی لە عێراقدا نەمێنێت و لە سیستەمی حوكمڕانیی عێراقدا، گۆڕانی ڕیشەیی ئەنجام بدرێت.

 لەبارەی بارودۆخی هەرێمی كوردستانیش (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند كە "ئێمە لە هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدەین بارودۆخی خۆمان باشتر بكەین و خۆمان بنیات بنێین و خاكی خۆمان لە هەڕەشەكان بپارێزین و، لە هەمانكاتیشدا حیساب بۆ مەترسییەكانی تیرۆر لەسەر عێراقیش دەكەین."

شایانی باسە لە كۆتایی ئەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆككۆماری توركیا كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵییان ئەنجام دا. 

هەواڵی پەیوەندیدار