٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: مالیکی تۆمەتەکانی نەسەلمێنێت، دەبێ باجەکەی بدات

سەرچاوە: KDP.info
(سەرۆک بارزاني) لەگەڵ (ئەياد عەللاو)-دا کۆ بووەوە، 11-7-2014

هەولێر-KDP.info- لە کۆبوونەویدا لەگەڵ(ئەیاد عەللاوی)-دا، لەبارەی تۆمەتە ناڕەواكانی ئەم دواییەی (مالیكی) لە دژی هەرێمی كوردستان بەوەی كە هەولێر بووەتە پێگەی داعش و تیرۆریستان (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند كە، ئەمەیان تۆمەتێكی گەورە و ترسناكە و پێویستە (مالیكی) یان ئەم تۆمەتانە بسەلمێنێت یانیش دەبێ باجەكەی بدات. سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی).

ئەمڕۆ هەینی 11ـی 7ـی 2014 لە سەڵاحەددین سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە سەرۆكی بزووتنەوەی ویفاقی نیشتیمانیی عێراقی(ئەیاد عەللاوی) و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا دواپێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق تاوتوو كرا و سەرۆكی شاندی میوان نیگەرانیی خۆی لە قووڵتربوونی قەیرانی سیاسی و ئەمنیی عێراق نیشان دا. هەر لەم دانیشتنەدا سەرۆكی بزووتنەوەی ویفاقی نیشتیمانیی عێراقی(ئەیاد عەللاوی)  جەختی لەسەر پەیڕەوكردنی پڕەنسیپی تەوافوق كردەوە و بە پێویستی زانی كە كار لەسەر ئاشتەوایی نیشتیمانی لە عێراقدا بكرێت و دامەزراوەكانی نیشتیمانی دوور لە هەموو تاییفەگەرییەك بنیات بنرێنەوە.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) وێڕای ئاماژەدان بە وردەكاریی ڕووداوەكانی مووسڵ ئەوەی بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە كە شەش مانگ بەر لەم ڕووداوانە بەرپرسانی بەغدا و خودی (مالیكی)-ی لە هەستیاری و مەترسییەكانی سەر شاری مووسڵ ئاگادار كردەوە، بەڵام گوێیان نەگرت و ئێستایش دەیانەوێ فەشەل و شكستی خۆیان بە تۆمەتباركردنی كوردستان بشارنەوە و پاساوی بۆ بهێننەوە. سەبارەت بە جێگیربوونی پێشمەرگە لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند پێشتریش پێشمەرگە لەو ناوچانە بوونی هەبووە و تەنیا ئەو شوێنانەی سوپای عێراقی پاشەكشەی كردووە هێزەكانی پێشمەرگە لە شوێنی هێزەكانی سوپای عێراقیدا جێگیر بوونە و ئەگەر پێشمەرگە دەستپێشخەریی نەكردبا ئەو ناوچانەیش دەكەوتە دەستی تیرۆریستان و هاووڵاتیان و ئاوارەكان لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تووشی مەترسی و كارەساتی گەورە دەهاتن . هەر لەم دانیشتنەدا پەیوەست بە چارەنووسی عێراق (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند كە دوای 2003 ویستی ئێمە ئەوە بووە كە عێراقێكی دوور لە تاییفەگەری دروست ببێت، بەڵام لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵە ئەم دۆخە ناهەموارەی ئێستا هاتووەتە كایەوە.

(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەگەر ئەو خەڵك و بیركردنەوەی ئێستا لە عێراقدا دەستەڵاتدارن لە دەستەڵاتدا بمێننەوە ئەوە عێراق بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت. بۆ ئەو مەبەستەیش (سەرۆك بارزانی) بە پێویستی زانی كە برایانی هاوپەیمانێتیی نیشتیمانی هەڵوێستی خۆیان لەبارەی پڕۆسەی سیاسی و كاندیدی داهاتووی پۆستی سەرۆكی وەزیران بە ڕوونی ڕابگەیێنن و لەبارەی سەركەوتنی پڕۆسەی سیاسییش (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند كە پێویستە كاندیدێكی تازە بۆ سەرۆكایەتیی وەزیران دیاری بكرێت و لەگەڵ ئەوەیش لە مەسەلەی دژایەتیكردنی تیرۆردا داواكارییە ڕەواكانی سوننە و هەڕەشەی تیرۆریستان لە یەكتر جیا بكرێنەوە.

لەبارەی تۆمەتە ناڕەواكانی ئەم دواییەی (مالیكی) لە دژی هەرێمی كوردستان بەوەی كە هەولێر بووەتە پێگەی داعش و تیرۆریستان (بارزانی) ڕایگەیاند كە ئەمەیان تۆمەتێكی گەورە و ترسناكە و پێویستە (مالیكی) یان ئەم تۆمەتانە بسەلمێنێت یانیش دەبێ باجەكەی بدات. هەر لەبارەی ئەم تۆمەتبەخشینەوەیە (سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی خستەڕوو كە حەق بوو سەرۆكوەزیرانی عێراقی بەرانبەر ئەو شەهیدانەی هێزی پێشمەرگە كە لە شەڕی بەرگریكردن لە دژی داعشدا خوێنی خۆیان بەخشیوە كەمێك ویژدانی هەبووایە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار