سەرۆك بارزانی: سیاسەتی هەڵە و تاكڕۆیی و پشتگوێخستنی دەستوور ڕەوشەكەیان خراپتر كرد

پیرمام-KDP.info- لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "لە دە ساڵی رابردوودا زۆر هەوڵمان دا كە پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی لە عێراق سەر بگرێت، بەڵام بەداخەوە بە هۆی سیاسەتی هەڵە و تاكڕۆیی و پشتگوێخستنی دەستوور و ڕێككەوتنەكان ڕەوشەكە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر بوو".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، ئەمڕۆ پێنجێشەممە 10ـی 7ـی 2014 لە سەڵاحەدین پێشوازی لە یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق (بڕێت مەكگوورگ) و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا بارودۆخی ئێستای ئەمنی و سیاسیی عێراق خرایە بەرباس. یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا نیگەرانیی وڵاتەکەی بەرانبەر بارودۆخەكە و بەهێزبوونی تیرۆریستان خستەڕوو و هیوای خواست بەهاوکاریی هەموولایەک بە زووترین كات عێراق لەم قەیرانە دەرچێت. هەروەها ستایشی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد لە پاراستنی ناوچەکان و حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەران و ئامادەیی وڵاتەكەیشی نیشان دا كە یارمەتیی ڕاستکردنەوەی پڕۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەتێكی بنكەفراوان و گشتگیر بدات كە هەموو پێكهاتەكانی عێراق تێیدا بەشدار بن بەجۆرێک کە کۆتایی بە پشتگوێخستنی لایەنەکان و تاکڕەوی و پێشێلکردنی دەستوور بێت و هەموو پێکهاتەکان خۆیان بە خاوەنی حکوومەتەکە بزانن و پێگەی کوردستانیش بەهێزتر بێت.
هەروەها یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا جەختی کردەوە کە هەرجۆرە هاوکارییەکی ئەمریکا بۆ عێراق بەستراوەتەوە بە ڕاستکردنەوەی پرۆسەی سیاسی.
لەبەرانبەردا سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: ئێمە لە دە ساڵی رابردوودا زۆر هەوڵمان دا کە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە عێراق سەربگرێت، بەڵام بەداخەوە بەهۆی سیاسەتی هەڵە و تاکڕەوی و پشتگوێ خستنی دەستوور و ڕێککەوتنەکان ڕەوشەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپتر بوو و ئەوەی ئێستاش ڕوودەدات بەهۆی ئەو سیاسەتە هەڵانەوەیە کەچی لە بری داننان بە هەڵەکان و هەوڵدان بۆ چارەسەری ڕەوشەکە خەریکی دروستکردنی تۆمەتن. سەرۆك بارزانی لەبارەی هەڕەشەی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان ئەوەی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان خۆی قوربانیی دەستی تیرۆر و تیرۆریستان بووە و لەدوای ڕووداوەكانی موسڵیش هێزەكانی پێشمەرگە بەرگرییان كردووە و شەهید و قوربانیان داوە و ئەوەیشی دووپات كردەوە كە هەرگیز تیرۆریستان ناتوانن لە کوردستان پێگەیان هەبێت.
سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە کوردستان هەمیشە پەناگەی لێقەوماوان و ئەوانە بووە کە لەدەست زوڵم و ستەم و دیکتاتۆرییەت هانایان بۆ کوردستان هێناوە و لە داهاتووشدا هەر وادەبێت و ئەوە لای خەڵکی کوردستان بنەمایەکی نەگۆڕە، بەڵام هەرگیزیش ڕێگە نادرێت کوردستان بکرێتە سەکۆیەک بۆ دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر هیچ لایەک.
سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە یارمەتیی ڕاستکردنەوەی پرۆسەی سیاسیی عێراق بدات، بەڵام لە هەمان کاتدا لەسەر لە كاركردن بۆ چەسپاندنی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی كوردستان بەردەام دەبین و لێی پاشگەز نابینەوە.




