سەرۆك بارزانی و نوجێفی دواپێشهاتە ئەمنی و سیاسییەكانی عێراقیان تاوتوو کرد

پیرمام-KDP.info-لە كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی لیستی موتەحیدووندا، دواپێشهات و پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییەكانی عێراق تاوتوو كران و هەروەها قسەیش لەبارەی ئیدارەدانی هەڵەی وڵات و هەوڵدانی دەستەڵاتدارانی بەغدا بۆ تۆمەتباركردنی خەڵك و شاردنەوەی شكستە سەربازی و سیاسییەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق كرا.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی 7ـی 2014 لە سەڵاحەددین پێشوازی لە سەرۆكی لیستی موتەحیدوون (ئوسامە نوجێفی) و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا سەرەتا (ئوسامە نوجێفی) بە ناوی خۆی و شاندەكەوە سوپاسی (سەرۆك بارزانی) و حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد كە بوونەتە پەناگەیەك بۆ لێقەوماوان و ئاوارە و خەڵكی پارێزگاكانی مووسڵ و سەڵاحەددین و ئەنبار و ئاماژەی بەوە دا كە ئەم بەدەنگەوەهاتنە هێمایەكە بۆ ئەوەی كە گەلی كوردستان خاوەنی مۆراڵ و پڕەنسیپی باڵان.
لەم دیدارەدا دواپێشهات و پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییەكانی عێراق تاوتوو كران و هەروەها قسە لەبارەی ئیدارەدانی هەڵەی وڵات و هەوڵدانی دەستەڵاتدارانی بەغدا بۆ تۆمەتباركردنی خەڵك و شاردنەوەی شكستە سەربازی و سیاسییەكانی سەرۆكوەزیرانی عێراق كرا.
چۆنیەتیی چارەكردنی قەیرانەكان و كاركردن بۆ ئەكتیڤكردنی پڕۆسەی سیاسی و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی هاوبەش لە نێوان كوتلە سیاسییەكانی نێو پەرلەمانی عێراق، تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو.




