٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: بڕیارمان داوە و پاشگەز نابینەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ کۆنسووڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەولێر، (سەرۆك بارزانی) ڕایگەیاند، "پارلەمانی كوردستان كار لەسەر جێبەجێكردن و گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی چەسپاندنی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی كوردستان و دەكات و لەم بڕیارە پاشگەز نابینەوە و گەلی كوردستانیش بۆ چارەنووسی خۆی مۆڵەت لە هیچ كەس و لایەنێك وەرناگرێت."

ئەمڕۆ پێنجشەممە لە سەڵاحەددین ساز درا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) بە مەبەستی شیكردنەوەی دواپێشهاتە سیاسیی و ئەمنییەكانی عێراق و قسەكردن لەبارەی سیاسەتی هەرێمی كوردستان لەمەڕ قەیرانی سیاسی و ئەمنی عێراق لەگەڵ كۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە هەولێر كۆبۆیەوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) لە گوتەیەكدا تیشكی خستە سەر دواڕووداوە سیاسیی و ئەمنییەكانی عێراق و بەهێزتربوونی تیرۆریستانی بە مەترسیێكی گەورە زانی و ڕایگەیاند كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەوڵێكی هاوبەشی نێودەوڵەتی پێویستە و ئێستایش چەكداران و تیرۆریستان توانیویانە هەر لە ڕقەی سووریا هەتا نزیك بەغدا ناوچەیەكی زۆر بخەنە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیانەوە. هەر لەمبارەیەوە (سەرۆك بارزانی) ئەوەی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو كە شەش مانگ بەر لە ڕووداوەكانی مووسڵ بەرپرسانی عێراقی و خودی (مالیكی)-ی لە مەترسیی بارودۆخی شاری مووسڵ ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام (مالیكی) و بەرپرسانی بەغدا بە جیددییان وەرنەگرت.

(سەرۆك بارزانی) لە درێژەی وتەكانی خۆیدا ئاماژەی بەوەدا كە لەدوای ئەو شكستەی كە تووشی سوپای عێراقی بووە، (مالیكی) بۆ داپۆشینی شكستەكانی خۆی خەریكی بەخشینەوەی تۆمەتی بێبنەمایە لە دژی هەرێمی كوردستان، ئەوە لەكاتێكدایە كە بەرپرسی سەرەكیی تێكچوونی دۆخی عێراق خودی سەرۆكوەزیرانی عێراقە.

(سەرۆك بارزانی) وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە ماوەی چەند ساڵە هۆشداریی تێكچوونی بارودۆخ و گەڕانەوەی دیكتاتۆرییەت و بەرەو هەڵدێرچوونی عێراقی داوە، ڕایگەیاند كە كێشەی عێراق كێشەی تاكەكەسێك نییە، بەڵكو گرفتەكە لە نەهج و ئیدارەدانی هەڵەی كاروبارەكانە. سەبارەت بە هەڕەشە و تۆمەتەكانی (مالیكی) لە دژی هەولێر، (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی دا كە، هەولێر هەمیشە جێگەی ئەو هاووڵاتی و لێقەوماوانە بووە كە لە دەستی دیكتاتۆرییەت ڕایان كردووە و ئێستاكەیش ژمارەیەكی زۆری خەڵك كە بە ملیونێك و دووسەدهەزار كەس مەزندە دەكرێن، پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە و لە بری ئەوەی (مالیكی) بەرپرسانە ئەركی خۆی جێبەجێ كردبا و سوپاسی هەرێمی كردبا و قسەی لەبارەی هاوكاریكردنی ئاوارەكان كردبا، بەمشێوەیە تۆمەت ئاراستەی هەرێمی كوردستان دەكات.

(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی خستە ڕوو كە بە هۆی سیاسەتی هەڵەی (مالیكی)-یەوە یەك لە سێی خاكی عێراق و كەلوپەلی سەربازیی شەش فیرقە، تەسلیمی داعش كران و ئێستاكەیش سوننە و شیعە میانڕۆكان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا زۆر لاواز كراون. لەبارەی تۆمەتباركردنی كوردستان بۆ دابەشكردنی عێراق، (سەرۆك بارزانی) هێمای بەوەدا كە پێشێلكردنی دەستوور و سیاسەتی دیكتاتۆری و خۆسەپاندن و پەراوێزكردنی پێكهاتەكان عێراقی پارچەپارچە كردووە نەك كوردستان و، دەستووریش زۆر بە ڕوونی باس لەوە دەكات كە پابەندبوون بە دەستوور، یەكپارچەیی خاكی عێراق دەپارێزێت و دەیان نموونە هەن كە دەستەڵاتدارانی بەغدا دەستووریان پێشێل كردووە.

سەبارەت بە سیاسەتی هەرێمی كوردستان لە بەرانبەر دۆخی تازەدا، (سەرۆك بارزانی) ئەوەی ڕوون كردەوە كە "لە دە ساڵدا ئێمە هەموو ڕێگەیەكمان تاقی كردەوە بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ عێراقدا بژیێین، بەڵام سیاسەت و ئیدارەدانی هەڵە نەیهێشت ئەم هەوڵانە سەر بگرێت."

 (سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا جەختی کردەوە كە، "لە پاش ڕووداوەكانی مووسڵ و قەیرانی نوێ، كوردستان كار لەسەر دوو ڕێڕەو دەكات، یەكیان ئەوەیە كە یارمەتیی برایانی شیعە و سوننە بدات كە كێشەكانیان چارەسەر بكەن و پڕۆسەی سیاسی سەر بكەوێت، ئەوەی تریان بەردەوامبوونە لە كاركردن بۆ چەسپاندنی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی كوردستان و پارلەمانی كوردستانیش كار لەسەر جێبەجێكردن و گرتنەبەری ڕێوشوێنەكان دەكات." هەر لەمبارەیەوە (سەرۆك بارزانی) دووپاتی كردەوە كە "لەم بڕیارە پاشگەز نابینەوە و گەلی كوردستانیش بۆ چارەنووسی خۆی مۆڵەت لە هیچ كەس و لایەنێك وەرناگرێت."

 سەبارەت بە ناوچەكانی ماددەی 140 و كەركووكیش (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی دا كە "هێزەكانی پێشمەرگە بۆ پاراستنی خاك و خەڵك لە هەڕەشەی تیرۆریستان لەو ناوچانەدا جێگیر بوونە و بە هیچ شێوەیەكیش ناكشێنەوە" و لەبارەی چارەنووسی ئەم ناوچانەیش ڕایگەیاند كە "تەنیا قۆناخی ڕیفراندۆم ماوە و ئێمە ڕێز لە ئیرادە و ویستی دانیشتووانی ئەم ناوچانە دەگرین و هەوڵیش دەدەین كە كەركووك ببێتە نموونەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی."

دواتر دەرگەی گفتوگۆ و پرسیار بە ڕووی ئامادەبووان كرایەوە و کۆنسووڵ و نوێنەری وڵاتان وێڕای ئەوەی سوپاسی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ حەواندنەوەی ژمارەیەكی زۆری پەنابەر دەستخۆشیشیان لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق چەند پرسیارێكیان ئاراستەی (سەرۆك بارزانی) كرد و بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش وەڵامی تێبینی و پرسیارەكانی دایەوە.  

هەواڵی پەیوەندیدار