٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆک بارزانی: هەوڵ دەدەین كەركووك ببێتە نموونەی پێكەوەژیان لە ناوچەكە و جیهاندا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (سەرۆک بارزانی) جەختی کردەوە کە، بڕیاری سەربەخۆیی و گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵك، بڕیارێكە لە كات و شوێنی گونجاوی خۆیدایە و سەبارەت بە كەركووك و مافی پێكهاتەكانی دیكەیش، ڕایگەیاند "ڕێز لە ئیرادەی پێكهاتەكانی كەركووك دەگرین و كار بە ویستی ئەوان دەكەین و هەوڵیش دەدەین كەركووك ببێتە نموونەی پێكەوەژیان لە ناوچەكە و جیهاندا."

 

ئەمڕۆ دووشەممە لە سەڵاحەددین، سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان – باكوور(سەرتاج بۆجاق) و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی ئەم پارتییە.

لە سەرەتای دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان - باكوور لە گوتەیەكدا دڵخۆشیی خۆی و ئەندامانی پارتییەكەی ڕاگەیاند بەهۆی ئەم هەنگاوانەی لە هەرێمی كوردستاندا بە ئاراستەی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم و مافی چارەنووسی گەلی كوردستان دەنرێن و ئامادەیی خۆیشی نیشاندا بۆ هەموو جۆرە پاڵپشتییەك بۆ ئەوەی گەلی كوردستان لە باشوور بە مافە ڕەواكانی بگات و هیوایشی خواست كە ڕێبازی نەتەوەیی لە هەموو بەشەكانی كوردستان سەركەوتن بە دەست بهێنێت چونكە ئەم ڕێبازە ویستی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستانە.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەرك و چالاكییەكانی بۆ خواستن و ڕایگەیاند كە جێگەی خۆشحاڵییە كە لە توركیادا كرانەوە و گۆڕانكاریی باش هاتووەتە ئاراوە و گەلی كوردیش لەم بەشەی كوردستاندا پێویستە سیاسەتێكی واقعبینانە و عەقڵانی بگرێتە بەر و پاڵپشتی ئەو هەنگاوانە بێت كە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد لەم بەشەی كوردستان دەكات.

 سەبارەت بە بارودۆخی عێراق و ڕووداوەكانی ئەم دواییە و مەسەلەی سەربەخۆیی (سەرۆك بارزانی) ئاماژەی دا، لە ئەنجامی قەیرانەكان و پەیڕەوكردنی سیاسەتی هەڵە، هیچ بوارێك بۆ خەڵكی میانڕۆ لەنێو شیعە و سوننەدا نەماوە و كێشەكان ڕۆژبەڕۆژ قووڵتر دەبنەوە و، لە دە ساڵی ڕابردوودا هەموو ڕێگەیەكمان تاقی كردەوە بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ عێراقدا بژیێن، بەڵام سەری نەگرت و هۆكارەكەیشی دەستەڵاتدارانی بەغدا و فەرهەنگی خۆسەپاندن بوو.

 (سەرۆك بارزانی) لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەی خستەڕوو كە بڕیاری سەربەخۆیی و گەڕانەوە بۆ ڕای خەڵك بڕیارێكە لە كات و شوێنی گونجاوی خۆیدایە و سەبارەت بە كەركووك و مافی پێكهاتەكانی دیكەیش، (سەرۆك بارزانی) هێمای بەوەدا كە ڕێز لە ئیرادەی پێكهاتەكانی كەركووك دەگرین و كار بە ویستی ئەوان دەكەین و هەوڵیش دەدەین كەركووك ببێتە نموونەی پێكەوەژیان لە ناوچەكە و جیهاندا.

هەواڵی پەیوەندیدار