بەشار كیكی: ئێمە هەموو كردەوەكانی داعش ئیدانە دەكەین و بە ناشەرعی دەزانین

مووسڵ -تایبەت بە kdp.info-سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، لەبارەی رەوشی پارێزگاكەوە لە ڕووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە وەڵامی چەند پرسیارێكی پەیامنێریkdp.info دەداتەوە و دەڵێت، رەوشی ئەمنیی پارێزگای مووسڵ رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپی دەڕوات، بە تایبەت لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە، كە لە 35 سەعات تەنیا چەند خولەكێك كارەبا هەیە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (بەشار كیكی) بەkdp.infoـی راگەیاند: "ئێمە وەكو ئەنجوومەنی پارێزگا كە دەستەڵاتێكی مەدەنین، دڵنیا نین كە ئەو كەسەی لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دەردەكەوێت ئەمیری داعشە یاخود نا و ئەمەیش كاری ئێمە نییە، بەڵام ئێمە هەموو كردەوەكانی داعش ئیدانە دەكەین و بە ناشەرعی دەزانین و هیوادارین بە زووترین كات داعش لە مووسڵ وەدەر بنرێت و مووسڵ بگەڕێتەوە بۆ رەوشی ئاسایی خۆی و ئێمەیش دەست بە كارەكانمان بكەینەوە، چونكە رەوشی مووسڵ رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپی دەڕوات و بگرە لە 35سەعات تەنیا چەند خولەكێك كارەبا هەیە".
(بەشار كیكی) گوتیشی: "ڕەوشی مووسڵ لە رووی خزمەتگوزارییەوە زۆر خراپە بۆ نموونە ئاو و كارەبا و سووتەمەنی زۆر كەمە و لە هەندێك شوێن تەنیا یەك ئەمپێر كارەبا بە 15 هەزار دینارە، ئەمە جگە لەوەی كە مووچە نییە لە كاتێكدا ئێستا مانگی رەمەزانە و گەرمایشە".
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ ڕوونیشی كردەوە، لە مانگی رابردوودا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێكی بۆ چارەكردنی كێشەی هاووڵاتیان دەركردووە، لەوانە خەرجكردنی مووچەی هاووڵاتیان بۆ ئەم مەبەستەیش حیسابێك لە بانكی شێخان كراوتەوە و رەزامەندی وەزارەتی دارایی هەرێمیش وەرگیراوە، بۆئەوەی بەغدا مووچەكە رەوانەی هەرێم بكات و دواتر بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بكرێت، رەنگە ئەم چوارشەممەیەیش كێشەكە چارە بكرێت و هەماهەنگیمان لەگەڵ هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك كردووە بۆ ئەوەی سووتەمەنی و كارەبایش بدرێت بە ناوچەكانی دەشتی مووسڵ، چونكە رەوشی خەڵكی مووسڵ زۆر خراپە.
سەبارەت بە رێژەی پەنابەران (بەشار كیكی) گوتی: "لە ئێستادا نزیكەی 20 هەزار كەس لە دەشتی نەینەوا لە شوێنە گشتییەكان نیشتەجێ كراون وەكو قوتابخانە و هۆڵەكان و دوو كەمپیش لە ناوچەی خازر و شێخان هەن كە هەریەكەیان نزیكەی هەزار كەسی تێدایە.
لەبارەی دەنگۆی دابەشكردنی مووچە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، گوتی: "ئەو دەنگۆیە راست نییە و تەنیا مووچەی فەرمانبەرانی شارەوانییەكان دراوە كە هەر فەرمانبەرێك نیوە مووچەی پێ دراوە، ئەمەیش لە داهاتی ناوخۆ بووە".
سەبارەت بە تۆپبارانكردنیشەوە رایگەیاند: "تۆپبارانكردنی مووسڵ لەلایەن فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی سوپای عێراق بەردەوامە و لە هەندێك شوێن هاووڵاتیانی مەدەنییش بەردەكەون، بۆ نموونە لە گەڕەكی رەشیدییە تۆپباران كراوە و هەندێك ماڵی هاووڵاتیان بەر كەوتووە و هەندێك خەڵكیش بوونەتە قوربانی".
(كیكی) لەبارەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیشەوە گوتی: "بەپێی ماددەی 140 كە دەستوورییە، پێویستە بە ریفراندۆم ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە، ئەمەیش بە بەشداریی لایەنی هەرێم و بەغدا و نەتەوە یەكگرتووەكان، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی یاسایی و دەستووری ئەو پرسە چارە بكرێت.
بڵند ئیبراهیم




