سەرۆك بارزانی: هەرێمی كوردستان پشتیوانیی نێودەوڵەتیی لەپشتە و ئەوانەی پشتیوانییشی ناكەن، دژی نین
__2014_07_03_h16m39s0__BA.jpg)
هەولێر -KDP.info- سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)، داوای لە پەرلەمان كرد پەلە لە ئامادەكردنی رێكاری یاسایی بۆ راپرسیی سەربەخۆیی بكەن. ڕاشیگەیاند كە هەرێمی كوردستان پشتیوانیی نێودەوڵەتیی لەپشتە و ئەوانەی پشتیوانییشی ناكەن، دژی نین.
كۆبوونەوە چاوەڕوانكراوەكەی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان كۆتایی پێ هات و دوای ئەوەی لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستاندا كۆ بووەوە، لە هۆڵی پەرلەماندا گوتارێكی گرینگی پێشكەشی پەرلەمانتاران كرد و هەر لە سەرەتای كۆبوونەوەكەیشدا بە هۆی هەستیاریی بارودۆخەكەوە، بە زۆرینەی 77 دەنگی پەرلەمانتاران گوتارەكەی سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان، بە شێوەیەكی راستەوخۆ لە راگەیاندنەكاندا بڵاو نەبووەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارەکەیدا لە پەرلەمان، ڕۆشنایی خستە سەر ڕووداوەکانی ڕابردووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و ڕۆیشتنی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە و پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆکی هەرێم ئاماژەی بە ڕۆڵی پەرلەمانی کوردستان کرد لەم قۆناخەدا و هیوای خواست خولی نوێی پەرلەمان خولێکی چالاک بێت لە دەرکردنی کۆمەڵێک یاسای گرینگ تایبەت بە ژیانی هاووڵاتیان، بەتایبەتیش ئاماژەی بە دەرکردنی یاسای دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کرد، کە لە پەرلەمانی کوردستانە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە.
لەبارەی هاوهەڵویستیی کورد لەبەرامبەر ڕووداوەکاندا، سەرۆکی هەرێم گوتی "سوپاس بۆ خوا هیچ کات هێندەی ئێستا کورد هاوهەڵوێست نەبووە، هەمو هێزە سیاسییەکانی بە گیانی نیشتمانپەروەرییەوە پارێزگاریی لە خاکی کوردستان دەکەن. لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان دەکرێن، بۆ تێکدانی یەکپارچەیی خاکی عێراق، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی "کورد لە هەموو لایەک زیاتر لە خەمی یەکپارچەیی خاکی عێراقدا بووە، ئێمە ویستوومانە عێراقێکی دیموکراتی و فیدڕاڵی هەبێت، بەڵام کەسانێک ئەمەیان نەویستووە و ویستوویانە تاکە دەسەڵاتداری وڵات خۆیان بن، ئەمەش لای ئێمە مایەی قبووڵکردن نییە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاوکات ڕایگەیاند "دەمانەوێت باشترین پەیوەندیمان لەگەڵ پەرلەمان هەبێت، چونکە پەرلەمان تاکە مەرجەعی خەڵکی کوردستانە، هەرلەبەر ئەوەشە هاووڵاتیان هیوایەکی گەورەیان بەم خولە نوێیەی پەرلەمان هەیە."
پاشان لە وتارەکەیدا لە پەرلەمان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رووماڵێکی خێرای ڕوداوەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و عێراقی کرد و ئاماژەی دا، "کورد ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە درووسکتردنی عێراقی نوێدا، بەڵام بۆ ئەوە عێراقی نوێمان درووست نەکردووە، کەسێک بکەین بە دیکتاتۆر بەسەر خۆمانەوە، ئێستا بارودۆخێک هاتووەتە پێشەوە هەرگیز ناگەڕێینەوە بۆ پێش ئەم ڕووداوانە و هەرگیز پێشەمەرگەیش لەو ناوچانە ناکشێتەوە، بۆیە مافی خۆمانە، بڕیاڕ لە چارەنووسی خۆمان بدەین، بۆ ئەو مەبەستەش دەگەڕێینەوە بۆ پەرلەمان، وەک تاکە مەرجەعی خەڵکی کوردستان."
پاشان سەرۆکی فراکسیۆنەکان پرسیار و سەرنجی خۆیان لەسەر بابەتەکە پێشکەشی سەرۆکی هەرێم کرد، دواتر کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد.
گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دكتۆر (ئومێد سەباح) بە o kdp.infـی راگەیاند، قۆناخی نوێی ئێستای عێراق و كوردستان پێویستی بە زەوینەخۆشكردنی یاسایی هەیە و ئەمڕۆیش (سەرۆك بارزانی) هەوڵی سازكردنی ئەو زەوینەیە دەدات، هەر بۆیەش دەبێ پەرلەمان بە پەلە كار بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لە كوردستان بكات.
(ئومێد سەباح) دەڵێت، سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمان رایگەیاندووە كە بۆ هەموو پرسە گرینگەكان بۆ پەرلەمانی كوردستان دەگەڕێنەوە و ئەمەیش بە گوتەی ئەو، بەمەرجەعسەیریكردنی پەرلەمانە لەلایەن (سەرۆك بارزانی)ـیەوە.
هاوكات هەر سەبارەت بە گوتارەكەی (سەرۆك بارزانی) لە پەرلەمانی كوردستان، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان (فەرهاد سەنگاوی) بە kdp.infoـی راگەیاند، سەرۆكی هەرێم بە راشكاوی باسی لە راپرسی بۆ مافی چارەی خۆنووسین كردووە و بە پەرلەمانی راگەیاندووە كە پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناكشێتەوە.
لە لایەكی دیكەوە، سەرچاوەیەك لەناو كۆبوونەوەی پەرلەماندا بە kdp.infoـی گوت، سەرۆكی هەرێم (مەسعوود بارزانی) بە پەرلەمانتارانی ڕاگەیاندووە كە هەرێم پشتیوانیی نێودەوڵەتیی هەیە و ئەوانەی پشتگیرییشی ناكەن، دژی نین.
پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی زەرد لە پەرلەمان (فەرحان جەوهەر)، رایگەیاند كە (سەرۆك بارزانی) لەسەر ماددەی 140 گوتوویەتی كە "مەبەست لەوەی دەڵێین ماددەكە جێبەجێ كراوە، ئەوەیە كە بەشە گرنگەكەی جێبەجێ كراوە و ئەوەی دیكەیش بە زووترین كات جێبەجێ دەكەین."
(فەرحان جەوهەر) بە kdp.infoـی گوت، (سەرۆك بارزانی) هەروەها داوای لە پەرلەمان كردووە كە رێكارە یاساییەكان بۆ راپرسیی سەربەخۆیی ئامادە بكەن و هاوكات پەرلەمان دەبێ ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی راپرسی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش بكات.
ژیوار
ژیوار




