سەرۆک بارزانی بۆ بی بی سی: پەرلەمان ڕۆژی سازدانی ڕیفراندۆم دیاری دەکات

هەولێر-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاند، لەگەڵ پەرلەمانی کوردستاندا کار دەکەن بۆ دانانی ئالیەت و دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ سازدانی ڕیفراندۆم و دەشڵێت ئەم بڕیارە هیی ئەو نییە، بەڵکە ئەوە گەلی کوردە بڕیار دەدات. ڕاشکاوانەیش دەڵێت، چیی دی کورد ئامادە نییە، لە دۆخێکی وەها قەیراناوی و پڕلەئازاردا بڕیاری مانەوە لەگەڵ عێراقێکدا بدات کە لە ڕووی کردەییەوە دابەش بووە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی بی بی سیی بەریتانیایی، هاوکات گوتی، کورد ڕۆڵی گرینگ لە چارەکردنی قەیرانی سیاسیی عێراقدا دەبینێت، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە کورد دەستبەرداری پڕۆژەی خۆی ببێت کە سەربەخۆییە، چونکە ئەمە مافێکی سرووشتیی کوردە و (بارزانی) ڕاشیگەیاند "هەموو ئەو ڕووداوانەی دواییش نیشانی دەدەن کە جارێکی دی عێراق بۆ دۆخی لە ڕووداوەکانی ئەم دواییە ناگەڕێتەوە.
(بارزانی) زیاتر گوتی "لێرە بە دواوە ئێمە هیچ شتێک ناشارینەوە و لێیشی دوودڵ نین کە ئامانجی ئێمە سەربەخۆییە. چونکە وڵات لە ڕووی کردەییەوە لەبەردەم دابەشبوونە." سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەپرسێت، "ئایا پێویستە لە وەها دۆخێکی قەیراناویی و پڕلەئازاردا کە وڵات پێیدا ڕەت دەبێت، بمێنینەوە؟ ئەوە من نیم کە بڕیار لەسەر سەربەخۆیی دەدات، بەڵکو گەلە و ڕیفراندۆم ساز دەدەین و ئەم پرسەیش هیی چەند مانگێکە."
ڕایشیگەیاند "ڕیفراندوۆم لە کوردستان ساز دەدەین و ناشبین بە هەڕەشە بەسەر کەسەوە و لە کەسیش ناترسین و لە ئێستایشدا لەگەڵ پەرلەمانی کوردستاندا کار دەکەین بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ڕیفراندۆم لە زووترین کاتدا."




