سەرۆک بارزانی: کورد خۆی ناسەپێنێت و ڕیفراندۆم ساز دەدەین

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی) لە پەیامێکیدا کە پێوەستە بە کەرکووک و ماددەی 140-ەوە ڕایدەگەیەنێت، "چوونی پێشمەرگە بۆ ئەم شوێنانە بە مانای ئەوە نییە كورد لەم ناوچانە بە زۆر خۆی دەسەپێنێت. ئێمە بەوپەڕی شەفافییەت لە ڕێی ڕیفڕاندۆم ڕای دانیشتوانی ناوچەكە وەردەگرین و ڕێزی ئەو ڕایەیش دەگرین و پابەند دەبین و ئیتر پێویست ناكات چیتر باسی ماددەی (140) بكرێت یاخود پرسیار دەربارەی ئەو ماددەیە بكرێت."
سەرۆک بارزانی لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی "سەبارەت بە ماددەی (140)ـی دەستووری عێراقی بە پێویستی دەزانم لەمبارەیەوە وێنەكە ڕوونتر بكەمەوە. كە كاتی خۆی، ماددەی (140)ـمان پەسەند كرد مانای ئەوە نەبوو گومانمان لە كوردستانیبوونی ئەو ناوچانە هەیە كە دەكەوتە سنووری ئەم ماددەیەوە، بەڵكو بۆ ئەوە بوو كە بە هۆی چارەسەرێكی یاسایی و ئاشتیانە و دەستووری كێشەكە یەكلایی ببێتەوە، بەڵام دوای دە ساڵ چاوەڕوانی، حكوومەتی عێراقی پابەند نەبوو بە جێبەجێكردنی ئەم ماددەیە."
هاوکات ڕایدەگەیەنێت "بوونی هێزی پێشمەرگەیش لەم ناوچانە شتێكی تازە نییە. هەر لە ساڵی (2003)ـیەوە پێشمەرگە بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق و لە هەندێ شوێنیش بە تەنیا بەشێك لە شوێنەكانی دەپاراست و لە هەندێ ناوچەیش سوپای عێراقی بە تەنیا ئەركی پاراستنی لەسەر شان بوو. بەڵام دوای ڕووداوەكانی ئەم دواییە سوپای عێراق پاشەكشەی كرد و ئەم ناوچانەی جێهێشت و هێزی پێشمەرگەیش بۆ پارێزگاییكردن لە سنوورەكانی كوردستان و سەروماڵی خەڵك و ڕێگەترن لە پێشڕەویی تیرۆریستان ئەركی پارستنی ئەو شوێنانەی گرتە ئەستۆ."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان زیاتر ڕوونی دەکاتەوە "چوونی پێشمەرگە بۆ ئەم شوێنانە بە مانای ئەوە نییە كورد لەم ناوچانە بە زۆر خۆی دەسەپێنێت. ئێمە بەوپەڕی شەفافییەت لە ڕێی ڕیفڕاندۆم ڕای دانیشتوانی ناوچەكە وەردەگرین و ڕێزی ئەو ڕایەیش دەگرین و پابەند دەبین و ئیتر پێویست ناكات چیتر باسی ماددەی (140) بكرێت یاخود پرسیار دەربارەی ئەو ماددەیە بكرێت."




