٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

ئەمەریکا، کورد هان دەدات عێراق ڕزگار بکەن.. سەرۆك بارزانی: 10 ساڵ هەوڵمان دا، ئەنجامێکی نەبوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند "دوای دە ساڵ چاوەڕوانی ئەو پرسیارە هەیە كە چۆن هەنگاو بنێین؟ ئەگەر دەرفەت مابێت پێویستە شیعە و سوننە لەسەر بنەمای نوێ و بەلەبەرچاوگرتنی واقیعی تازە كار بكەن و ئەو كات ڕووبەڕووبووونەوەی تیرۆریش ئاسانتر دەبێت." لەبارەی هێزی پێشمەرگەیشەوە جەختی کردەوە "هێزەكانی پێشمەرگە بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاساییشی كوردستانیان لەسەر شانە و قوربانیشیان داوە و هەڕەشەی تیرۆریستانیش بەردەوام و جیددییە و پێشمەرگە ئامادەی بەرپەرچدانەوەی ئەم هەڕەشانەن." هاوکات جۆن کیری ڕایگەیاند کە "ئیدارەی سەرۆك ئۆباما دیتێكی ئیجابیی هەیە بەرانبەر ئەو بنیاتنانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و هەروەها بەبۆنەی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەت پیرۆزبایی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد."

 

ئەمڕۆ سێشەممە لە هەولێری پایتەخت سەرۆكی هەرێمی كوردستان(مەسعوود بارزانی) پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا(جۆن كێری) و شاندێكی یاوەری كرد كە لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری عێراق و باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و چەند بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پێكهاتبوون.

لە دیدارێكدا كە ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان(نەوشیروان مستەفا)، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان(نێچیرڤان بارزانی)، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان(بەرهەم ساڵح) و جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم(قوباد تاڵەبانی) و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم(فواد حوسێن) و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان(فەلاح مستەفا) ئامادەی بوون سەرەتا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی بە هاتنی بۆ كوردستان نیشان دا و ئاماژەی دا كە ئەو كار و بنیاتنانەی لە هەرێمی كوردستان كراوە و هەروەها سیاسەت و ئیدارەدانی كاروبارەكان لە كوردستان زۆر باش بووە و ئەوەیشی باس كرد كە ئیدارەی سەرۆك ئۆباما دیتێكی ئیجابیی هەیە بەرانبەر ئەو بنیاتنانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و هەروەها بەبۆنەی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەت پیرۆزبایی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

 سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی عێراق وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئەوەی خستەڕوو كە وڵاتەكەی بە وردی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی عێراق دەكات و نیگەرانییەكی زۆری بەرانبەر بارودۆخەكە و بەهێزبوونی تیرۆریستان هەیە و بە پێویستیشی زانی كە عێراق بە زووترین كات لەم قەیرانە دەرچێت. وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئامادەیی وڵاتەكەیشی نیشان دا كە یارمەتیی پڕۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەتێكی بنكەفراوان و گشتگیر بدات كە هەموو پێكهاتەكانی عێراق تێیدا بەشدار بن.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە ناوی خۆی و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای كرد و سوپاس و پێزانینی خۆی و گەلی كوردستانیشی بۆ حكوومەت و گەلی ئەمەریكا ڕاگەیاند بۆ ئەو قوربانی و یارمەتی و پشتگیرییەی هەر لە ڕاپەڕینەوە هەتا ڕووخانی ڕژێم و دواتر پێشكەشی كوردستانیان كردووە و ئەوەیشی خستەڕوو كە "جێگەی شانازییە ئێمە توانیومانە ئەزموونێكی سەركەوتوو پێشانی جیهان و ئەمەریكا بدەین. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا بەوردی باسی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە دە ساڵی ڕابردوو و ئاستەنگ و قەیرانەكانی كرد و هێمای بەوەدا كە هاوپەیمانەكانمان لە جێبەجێكردنی دەستوور و پابەندبوون بە ڕێككەوتنەكان بەرەو پاشەوە دەچوون لەگەڵ ئەوەیشدا نەرمییەكی زۆرمان نواند و هەردەم ئامادە بووین بۆ چارەسەری كێشەكان، بەڵام بەداخەوە كێشەكان قووڵتر بوون و نەمانتوانی سەربكەوین."

 سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بە ڕوونی باس كرد كە "ئێستا قەناعەتێكمان لا دروست بووە كە بەغدا نیازی وایە وەك سەردەمانی پێشوو كوردستان بە ژێردەستەیی و پاشكۆیی ببینێت، گەلی كوردستانیش كە قوربانییەكی گەورەی بۆ ئازادی داوە ئەمە قبووڵ ناكات. گەلی كوردستان دژی تیرۆرە بە هەموو شێوەكانی و قوربانیشی لە ئەو دژایەتیكردنە داوە، بەڵام ئێستاكە شەڕی تیرۆر بووەتە پەردەیەك بۆ ئەوەی تەسفیە و ململانێی تاییفی پەرە بستێنێت و ئێمەش نابینە بەشێك لە ململانێی تاییفی."

 سەبارەت بە مافی گەلی كوردستان لە دەستووری عێراقدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە "لەگەڵ عێراقدا لەسەر دەستوور ڕێككەوتین ئەو دەستوورەی عێراق به دوو نەتەوەی سەرەكی كورد و عەرەب پێناسە دەكات و زۆر بە ڕوونی لە دیباچەی دەستووردا هاتووە كە پابەندبوون بە دەستوور مەرجە بۆ مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی."

 لەبارەی  چارەسەری گرفت و قەیرانە تازەكانیش سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە "هەر چارەسەرێك بێتە ئاراوە پێویستە لەژێر ڕۆشنایی گۆڕانكاری و واقیعی سیاسی و ئەمنیی تازەی عێراقدا بێت و جەوهەری كێشەكانیش سیاسیین نەك سەربازی و، دەبێ مامەڵە لەگەڵ هۆكارەكان بكرێت نەك ئەنجامەكان"، زیاتر گوتی "ئەگەر بێتو ڕێگەی سیاسیی گونجاو دۆزرایەوە ئەو كات باشتر دەتوانرێ شەڕ لەگەڵ تیرۆریش بكرێت."

 پەیوەست بە ڕووداوەكانی ئەم دواییەش سەرۆك بارزانی ئەوەی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ڕاگەیاند كە "بەر لە قەیرانەكە بەغدامان لە مەترسیی دۆخەكە ئاگادار كردەوە، بەڵام بە جیددییان وەرنەگرت."

 لەدرێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە "دوای دە ساڵ چاوەڕوانی ئەو پرسیارە هەیە كە چۆن هەنگاو بنێین؟ ئەگەر دەرفەت مابێت پێویستە شیعە و سوننە لەسەر بنەمای نوێ و بەلەبەرچاوگرتنی واقیعی تازە كار بكەن و ئەو كات ڕووبەڕووبووونەوەی تیرۆریش ئاسانتر دەبێت."

 لەبارەی هێزی پێشمەرگەیش سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند "هێزەكانی پێشمەرگە بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاساییشی كوردستانیان لەسەر شانە و قوربانیشیان داوە و هەڕەشەی تیرۆریستانیش بەردەوام و جیددییە و پێشمەرگە ئامادەی بەرپەرچدانەوەی ئەم هەڕەشانەن."

دواتر جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەم ڕوونكردنەوە چڕوپڕە و باسی ئەوەی كرد كە گومان لەوەدا نییە هەرێمی كوردستان دەتوانێ لە ڕووی ئابووری و بوارەكانی دی گەشە بكات.

 لەبارەی كێشەكانی عێراقیش وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا وێڕای باسكردنی نیگەرانییەكان جەختی كردەوە كە، پێویستە گۆڕانكاری هەبێت و كۆمەڵێك بڕیاری گرینگ وەربگیرێت و داوای كرد سەرۆك بارزانی لەو پڕۆسەیەدا بەشدار بێت و ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و حكوومەتێكی تازە پێك بێت و ئەگەر هاتوو پڕۆسەی سیاسیی عێراق بەرەو پێشەوە بچێت، ئەوا ئەمەریكا ئامادەیە پشتیوانیی عێراق بكات لە شەڕی تیرۆر.

باسكردنی ئەولەویەتدان بە چارەسەری سیاسی بەر لە چارەسەری سەربازی بۆ قەیرانی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار