سەرۆک بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئیتالیا دۆخی قەیراناویی عێراقیان خستە بەر باس

هەولێر-KDP.info- لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا سەرۆک بارزانی بە وەزیری دەرەوەی ئیتالیای ڕاگەیاند، سوپای عێراقی بوونی نەماوە و لە ئێستادا بە درێژایی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر، هەرێمی كوردستان سنووری لەگەڵ درواسێیەكی دیكەی جگە لە عێراق هەیە كە بەشێك لە ناوچەكانی لەژێر كۆنتڕۆڵی گرووپە تیرۆریستەكانە و، ئەوەیان هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو پێكهاتەكانی عێراق و گشت لایەك.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی 6ـی 2014 خاتوو فێدریكا مۆگێرینی وەزیری دەرەوەی ئیتالیا لە ڕێی تەلەفۆنەوە لە شاری لۆگزامبورگ و بەر لە دەستپێكی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانییەوە كرد.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئیتالیا نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بارودۆخی قەیراناویی عێراق نیشان دا و هیوای خواست بە زووترین كات ئەم قەیرانە تازەیەی عێراق كۆتایی بێت. هەروەها لەبارەی دەستپێكی پڕۆسەی سیاسیی و دانیشتنی پارلمانی نوێی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق و بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق چەند پرسیارێكی ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد.
هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئیتالیای كرد بۆ ئەو پێشوازییەی كە لەكاتی سەردانەكەی بۆ وڵاتی ئیتالیا لێی كرابوو و هەروەها وێنەیەكی گشتیی و ڕوونی لەبارەی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق خستەڕوو و جەختی لەوە كردەوە كە عێراقی پێش ڕووداوەكانی نەینەوا جیاوازە لەگەڵ عێراقی دوای ئەم ڕووداوانە و هێمای بەوەدا كە پێشتر لە ناوچە هاوبەشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق هێزی هاوبەش هەبوو، بەڵام ئێستا سوپای عێراقی بوونی نەماوە و لە ئێستادا بە درێژایی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر، هەرێمی كوردستان سنووری لەگەڵ درواسێیەكی دیكەی جگە لە عێراق هەیە كە بەشێك لە ناوچەكانی لەژێر كۆنتڕۆڵی گرووپە تیرۆریستەكانە و ئەوەیان هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو پێكهاتەكانی عێراق و گشت لایەك.
سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو كوردستان بەشێك بووە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و یارمەتیی ئەم پڕۆسەیەی داوە و پاڵپشتی بووە، بەڵام بە هۆی مامەڵەكردنی هەڵەی دەستەڵاتدارانی بەغدا و كێشەی تاییفەگەری پڕۆسەی سیاسی گەییشتە ئەم دۆخەی ئێستا.
سەرۆك بارزانی ئاماژەیشی بەوەدا ئەگەر قەیرانەكە بەردەوام بێت و چارەسەر نەكرا سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بۆ ڕای گەلەكەی دەگەڕێتەوە.
لە كۆتایی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئیتالیا داوای كرد بەهۆی خێرایی ڕووداو و گۆڕانكارییەكان لە پەیوەندیی بەردەوامدابن و هیوای پێشكەوتن و سەركەوتنی بۆ گەلی كوردستان خواست.




