٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆك بارزانی: جێگەی داخە هەندێ لە ڕاگەیاندنەكان شەهیدبوونی پێشمەرگە قارەمانەكان بە كوژران ناو دەبەن

سەرچاوە: KDP.info

هەلێر-KDP.info-  لە پەیامێکیدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن و میدیاكارانی كوردستان، سەرۆک بارزانی ڕایدەگەیەنێت، "جێگەی داخە كە دەبیندرێ ژمارەیەك دەزگای میدیایی لە هەواڵ و ڕاپۆرت و بەرنامەكانیاندا لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخی تازەدا ڕەچاوی بنەماكانی پڕۆفیشناڵیی كاری ڕۆژنامەوانی و فەهمی نەتەوەیی بۆ ڕووداوەكان و داب و نەریت و بەهاكانی گەلەكەمان ناكەن." هاوکات دەڵێت، جێگەی داخە كە "لەم ماوەیەدا دەبیندرێ هەندێ لە ڕاگەیاندنەكان شەهیدبوونی پێشمەرگە قارەمانەكان بە كوژران ناو دەبەن هەروەكچۆن بۆ تیرۆریستەكانیش هەمان وشە بە كار دەهێنن."

 

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن و میدیاكارانی كوردستان:

لەدوای گۆڕانكارییە خێراكانی ئەم دوایەی عێراق بارودۆخێكی نوێ هاتووەتە ئاراوە و گەلەكەمان ڕووبەڕووی تەحەدیات و ڕەوشێكی تازە بووەتەوە. ئەم بارودۆخە پێویستی بە یەكڕیزی و تێگەییشتنێكی نەتەوەیی و نیشتیمانیی هەموو لایەك هەیە. لێرەدا ڕۆڵی میدیاكار و دەزگاكانی ڕاگەیاندن لە گواستنەوەی ڕووداوەكان و ئاگاداركردنەوەی خەڵك و هۆشیاریی نەتەوەیی زۆر گرنگ و یەكلاییكەرەوەیە.

داوا لە هەموو ڕۆژنامەنووس و میدیاكار و دەزگاكانی ڕاگەیاندنی بیستراو و بینراو و خوێندراو و ئەلكتڕۆنی دەكەم لە گۆاستنەوەی ڕووداوەكان و بڵاوكردنەوەی گیانی یەكڕیزی و تەبایی و هەستكردن بەبەرپرسیارێتیی نەتەوەیی ڕۆڵی ئێجابیی خۆیان بگێڕن.

ئەم قۆناغە پێویستی بە هەماهەنگی و هاوكاریی گشت لایەك هەیە. جێگەی داخە كە دەبیندرێ ژمارەیەك دەزگای میدیایی لە هەواڵ و ڕاپۆرت و بەرنامەكانیاندا لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخی تازەدا ڕەچاوی بنەماكانی پڕۆفیشناڵیی كاری ڕۆژنامەوانی و فەهمی نەتەوەیی بۆ ڕووداوەكان و داب و نەریت و بەهاكانی گەلەكەمان ناكەن. لەم ماوەیەدا دەبیندرێ هەندێ لە ڕاگەیاندنەكان شەهیدبوونی پێشمەرگە قارەمانەكان بە كوژران ناو دەبەن هەروەكچۆن بۆ تیرۆریستەكانیش هەمان وشە بە كار دەهێنن.

ئەگەر ئەم جۆرە میدیایانە ڕۆڵی ئیجابییش لە گواستنەوەی ڕووداوەكان نەگێڕن، هیچ نەبێ ڕێزی ئەو خوێنە بگرن كە پێشمەرگە لەپێناو بەرگریكردن لە خاك و كەرامەتی وڵاتەكەیدا دەیبەخشێت، ئەو پێشمەرگەیەی ئامادەیە بۆ بەردەوامیی ژیانی هاونیشتیمانانی گیانی خۆی بەخت بكات. لەسایەی خوێنی پێشمەرگەیە كە كوردستان خۆڕاگرە و ئێوەیش دەتوانن كاری خۆتان بەوپەڕی ئازادییەوە ئەنجام بدەن، بۆیە هەموومان قەرزاری دلێری و گیانفیدایی پێشمەرگەین.

 

بەهیوای سەركەوتنی یەكجارەكیی گەلی كوردستان

 

مسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

22ـی 6ـی 2014

هەواڵی پەیوەندیدار