سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێکی هاوپەیمانیی موتەحیدوون کرد

هەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی 6ـی 2014 لە سەڵاحەددین سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی هاوپەیمانیی موتەحیدوون، ئوسامە نوجەیفی و شاندێکی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئەو قەیرانە گەورەیەی کە ئێستا عێراقی گرتووەتەوە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و ڕەوشی نالەباری ئەمنیی ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق تاوتوو كرا.
هەر لەم دیدارەدا هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێویستە سەرجەم کێشەکانی عێراق بە ڕێگەی سیاسییانە چارەسەر بکرێن و هەموو لایەنەکانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هاوکار بن.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە پێویستە جیاوازیی لەنێوان کاری تیرۆریستی و داخوازییە ڕەواكانی برایانی سوننە بکرێت و هەرێمی کوردستان ئامادەیە لەگەڵ برایانی شیعە و سوننە ڕووبەڕووی تیرۆریستان بێتەوە، بەڵام هەرگیز ناكەوینە شەڕێك كە لەژێر پەردەی شەڕی تیرۆردا شەڕی تاییفەیەك بكرێت.
سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە ئەم قەیرانەی ئێستا تەنیا بە ڕێگەی سەربازی چارەسەر ناكرێت بەڵکو دەبێ هۆكارەكان چارەسەر بكرێن و پڕۆسەی سیاسی ڕاست بکرێتەوە.
هەر لە دیدارەکەدا ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خرایە بەرباس و تەئکیدیش کرایەوە کە لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری کێشەکانی عێراق گفتوگۆ و پەیوەندییەکان بەردەوام دەبن.




