٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دەكات

سەرچاوە: KDP.info
ديدارێکي پێشووتري سەرۆک بارزاني و جۆو بايدن.

هەولێر-KDP.info-  درەنگانێکی شەوی چوارشەممە 18ـی 6ـی 2014، جێگری سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، جۆو بایدن لە ڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانییەوە كرد و دواپەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییەكانی عێراق و شکستی سوپا و گرتنی شاری مووسڵ لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە خستە بەر باس.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دواپەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییەكانی عێراق و شکستی سوپای عێراق و گرتنی شاری مووسڵ لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە تاوتوو كرا.هەروەها ڕەوشی ئێستای بەغدا و کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان لەم قۆناغەدا خرایە بەرباس.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە بەشێک بووە لە چارەسەر، بەڵام ڕەفتاری هەندێ لە دەسەڵاتدارانی بەغدا بووە هۆی سەرهەڵدانی کێشە لەنێو پێکهاتە جیاوازەکانی عێراقدا و لە ئەنجامیشدا ئەو کێشانە بوونە قەیرانی گەورە، بۆیە ئێستا عێراق لە قۆناغێکی دیکەدایە و ڕەوشی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداش چۆتە قۆناغێکێ دیکەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەڵوێستی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی کوردیش ئەوەیە کە بەرەنگاری تیرۆر و هەموو هێزە تیرۆریستییەکان دەبێتەوە و ئەو هێزە تیرۆریستییانە بە هەڕەشە دەزانێت بۆ سەر هەموو لایەک.

سەرۆک بارزانی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جەختیشی کردەوە کە پێویستە هەموو کێشەکانی عێراق بە ڕێگەی سیاسییانە چارەسەر بکرێن و نوێنەری هەموو پێکهاتەکانی عیراق لەسەر بنەمای هاوبەشی و تەوافوق لە پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکاندا بەشدار بن.

 هەر لەم پەیوەندییەدا جێگری سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی بە پەیوەندییەکە دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی بۆ گەلی کوردستان و عێراق خواست.

هەر لەبارەی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەوە، کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە جێگری سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە و جۆو بایدن باسی لە مەترسیی هاوبەشی تیرۆر کردووە و تەئکیدی لەسەر ڕۆڵی گرینگی کورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق کردووەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار