سەرۆك بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی و ئەمنیی هەرێم كۆ بووەوە

هەولێر-KDP.info- لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسە سەربازی و ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان، سەرۆك بارزانی جەختی كردەوە كە، ئەركی سەرشانی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاساییشە كە سەروماڵی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بپارێزن و پارێزگارییش لە ئەو ئاوارانە بكەن كە لە ئەنجامی تێكچوونی باری ئەمنی ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی 6ـی 2014 لە سەڵاحەدین سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كۆسرەت ڕەسووڵ لەگەڵ بەرپرسە سەربازی و ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان كۆ بووەوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لەبارەی سەردانەكەی بۆ ئەورووپا و ئەنجامەكانی بۆ ئامادەبووان باس كرد.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بەرپرسە باڵاكانی هێزی پێشمەرگە و ئاساییشی هەرێمی كوردستان وردەكاریی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی پارێزگاكانی نەینەوا و كەركووك و شوێنەكانی دیكەیان هەر لە دەستپێكی قەیرانەكە شیی كردەوە و سەرۆك بارزانییان لە هەموو ئەو ڕێوشوێن و ئامادەكاریانە ئاگادار كردەوە كە لە لایەن هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاساییش لە هەرێمی كوردستان و ئەو ناوچانەی لە ئەنجامی پاشەكشەی سوپای عێراقی گیراونەتەبەر.
لەم دانیشتنەدا سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئەركی سەرشانی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاساییشە كە سەروماڵی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بپارێزن و پارێزگارییش لە ئەو ئاوارانە بكەن كە لە ئەنجامی تێكچوونی باری ئەمنی ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی ئەو میكانیزمانە كرا كە ببێتە هۆی پتەوتربوونی باری ئاساییشی هەرێمی كوردستان و ئەو ناوچانەی لە ئەنجامی دروستبوونی بۆشایی لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە كۆنتڕۆڵ كراون، ئەویش لە ڕێگەی پێكهێنانی ژمارەیەك لیژنەی تایبەت و پسپۆڕ لە بواری جیاجیادا.
لایەنی سیاسیی قەیران و ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییەی عێراق و چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخی تازە، تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو.




