سەرۆک بارزانی بۆ پێشمەرگە: بە وریاییەوە سنوورەكانی كوردستان و سەروماڵی خەڵكی بپارێزن

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی لە یەکەم پەیامیدا لە پاش ڕووداوەکانی عێراقەوە، داوا لە هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش دەكات زۆر بە وریاییەوە سنوورەكانی كوردستان و سەروماڵی خەڵكی ئەو ناوچانە و دەزگا گشتییەكان بپارێزن و، ڕێگەیش بە هیچ سەرپێچی و سنووربەزاندنێك نەدەن.
سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا هاوکات ڕایدەگەینێت "گەلەکەشمان دڵنیا دەکەینەوە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن ئارامی و ئاسایشی کوردستان بکەوێتە بەر مەترسی."
دەقی پەیامیسەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی:
"دوای ڕووداوەكانی مووسڵ و ناوچەكانی نزیك سنووری هەرێمی كوردستان، بەهۆی داڕووخانی سوپای عێراقییەوە بۆشاییەكی سەربازی و ئەمنی هاتە كایەوە و ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی پارێزگای نەینەوا ئاوارە بوون و ڕوویان لە ناوچە ئارامەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگە کرد، بۆ پاراستنی خەڵكی كوردستان و پێكهاتە ئیتنی و ئاینییەكان و پاراستنی دامودەزگەی گشتی و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان چووە ئەو ناوچانەی کە سوپای عێراق لێیان کشاوەتەوە.
داوا لە هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش دەكەم زۆر بە وریاییەوە سنوورەكانی كوردستان و سەروماڵی خەڵكی ئەو ناوچانە و دەزگا گشتییەكان بپارێزن و ڕێگە بە هیچ سەرپێچی و سنووربەزاندنێك نەدەن.
گەلەکەشمان دڵنیا دەکەینەوە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دەزگە ئەمنییەکانی هەرێم بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن ئارامی و ئاسایشی کوردستان بکەوێتە بەر مەترسی.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
13/6/2014"




